مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: بایکۆت بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین و قەزای کۆیە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، لە بایکۆت بەردەوام دەبن.
رۆژی هەینی، 27-10-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی، راگەیێندراوی مامۆستایانی هەمیشەیی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، "وەکو ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بڕیارماندا، درێژە بە خەباتی بایکۆت بدەین تاوەکو داواکانمان جێبەجێ دەکرێن. رۆژی یەکشەممەش خۆپێشاندانی ناڕەزایی بۆ داواکانمان بەڕێوەدەبەین."
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، مامۆستا محەممەد وەکو نوێنەری وانەبێژان قسەی کرد و گوتی، بەردەوام دەبن لە بایکۆت و پشتیوانی لە خۆپێشاندانی یەکشەممەی داهاتوو دەکەن.
هەروەها دانا عەبدول، ئەندامی ئەنجوومەنی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی گوتی، "ئێمە خەڵکێکی پیشەیین و بێلایەنانە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین. بە دڵنیاییەوە رازیش نابین کەس سواری شەپۆلەکە بێت. ئەمە موڵکی خەڵکی هەموو کوردستانە؛ کاسبکارێک و هەموو چین و توێژێک وەکو منی مووچەخۆر لە نەبوونی مووچەدا زیانمەند بووە و هەموومان یەک دەستین، دوورین لە کاری حیزبی و سیاسی و رازیش نین کەس دەستوەرداتە کاروبارەکانمان."
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داواکارییەکانیان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا خستیانەڕوو کە ئەمانەی خوارەوەن:
- پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران
- دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
- پێدانی مووچە 30 رۆژ جارێک
- دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان
13ـی مانگی رابردوو خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە قوتابخانەکان نەکرانەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆت بەردەوامە، جگە لەوەی بەشێکی پەروەردەکان دەوامی قوتابیانی پۆلی 12یان دەستیپێکردووەتەوە.
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.