بەنداوی مهاباد 42 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی مهاباد لە پارێزگای ورمێ دەڵێت، 42 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی شارەکەدایە و بەراورد بە هەمان کاتی پار، 13 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە.
خالید رەحمانی، بەڕێوەبەری ئاوی مهابادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، کەمیی باران و لاوازبوونی ئەو سەرچاوانەی دەڕژێنە نێو بەنداوی شارەکە، کاریگەرییان لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوەکەی هەبووە.
بەگوتەی خالید رەحمانی، ئێستا تەنیا 42.2 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی مهاباد هەیە.
ئەو بڕە ئاوە تەنیا نزیکەی 12٪ـی توانای گلدانەوەی بەنداوەکەیە. بەڕێوەبەری ئاوی مهاباد ئاماژەی بەوە کرد، بەراورد بە هەمان کاتی پار، ئاوەکەی نزیکەی 13 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە.
وەک خالید رەحمانی گوتی، گەیشتنی ئاو بۆ نێو بەنداوی مهاباد کەمە، ''بەڵام بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی دیکە، لە چرکەیەکدا نزیکەی یەک مەتر سێجا ئاوی بەنداوەکە بەردەدرێتەوە.''
بەشێک لە ئاوی بەنداوی مهاباد بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێندرا، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەی، وەک خالید رەحمانی گوتی: ''رێکاری تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە ئاوی خواردنەوە بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنن. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێریی خۆیان لەوبارەوە زیاتر بکەن.''
بەنداوی مهاباد لە ساڵی 1970 دروستکراوە، توانای گلدانەوەی نزیکەی 340 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە، زیاتر لە 12 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی شارەکە لە رێگەی ئەم بەنداوە ئاودێری دەکرێن.