بەشێکی دانیشتووانی بنەسڵاوە بۆ دەنگدان دەگەڕێنەوە کەرکووک
رووداو دیجیتاڵ
زۆری ژمارەی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای کەرکووک لە بنەسڵاوە و ناحیەی دارەتووی هەولێر وایکردووە، بەربژێرانی کەرکووک هێندەی بەربژێرانی هەولێر پۆستەرەکانیان لە شەقامەکان هەڵبواسن.
لە گفتوگۆی پەیامنێری رووداو لەگەڵ ژمارەیەک لە پیاوانی گەڕەکی چوارچرای بنەسڵاوە، کە دەنگدەری کەرکووک بوون، دەرکەوت بە دەگمەن یەکێک دەبینیەوە، بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان بە کورد نەگەڕێتەوە.
پشتیوان وەک دەنگدەرێکی کەرکووک پەیامێکی بۆ حیزبە کوردستانییە بەشدارنەبووەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک هەبوو، کە هیچ نەبێت لایەنگرانیان هانبدەن دەنگەکانیان وەک شیرینی ببەخشن بە بەربژێرانی لایەنەکانی دیکەی کورد.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک، لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار دەنگدەری پارێزگاکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەو ژمارەیەی یارییەکە بۆ کورد یەکلایی دەکەنەوە.
میمک نەزیرەی دایکی سێ شەهید خۆی پێشڕەوی کوڕ، کچ، بووک و زاواکانی دەکات بۆ گەڕانەوە.
لە دوای 2003ـوە، هەر هەڵبژاردنێک لە کەکووک کرابێت، کورد نیوە یان زیاتری کورسییەکانی پارێزگاکەی بەدەستهێناوە.