هێمن میرانی: کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتنی چەکی تۆمارکراو دروست دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو جۆرە کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتنی چەکی تۆمارکراو لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دروست دەکرێت. دەشڵێت، بەگشتی پڕۆسەی رێکخستنەوەی چەک لە هەرێمی کوردستان بە باشی بەڕێوەچووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-10-2025، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لەدوای ساڵی 1991، ئەوە یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ رێکخستنی چەک و کۆنترۆڵکردنی دەکرێت.''
لە ماوەی وەرگرتنی فۆڕمی تۆمارکردنی چەکدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 90 بنکەوە چەکی هاونیشتمانییانی تۆمار دەکرد. هێمن میرانی گوتی: ''لەدوای دەرچوونی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2022ـی چەک، 17 هەزار چەک لەلایەن بنکەکانی پۆلیسەوە تۆمار کراون.''
بەگوێرەی یاساکە، دوای تۆمارکردنی ئارەزوومەندانەی چەک، ئەو کەسانەی مەبەستیانە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک وەربگرن، سەردانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی، ''ئەوانەی سەردانیان کردووە، هەندێک پشکنینیان بۆ کراوە و مۆڵەتەکانیان پێدراوە. ئەوە بەشێکە لە پڕۆسەی رێکخستنەوەی هەبوونی چەک لە هەرێمی کوردستان.''
''بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک داخراون''
هێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، پڕۆسەی رێکخستنەوەی چەک درێژخایەنە و تاوەکو ئێستا کارەکانی ''زۆر بە باشی'' بەڕێوەچوون. گوتیشی: ''لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو بازاڕە میللییە نافەرمییەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک داخراون.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رێنمایی تایبەت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی پێشکەوتووی کڕین، فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک دەرچووە، کە لە ژێر چاودێریی وەزارەتەکە دەبن.
هێمن میرانی ئاماژەی بەوەشکرد، رێنماییەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەکان قۆناخی تەندەرینیان تێپەڕاندووە و ''دراونەتە چەند کۆمپانیایەک کە بە هاوکاری لەگەڵ حکومەت، بە پڕۆژەیەکی هاوبەش، دەست بە دروستکردنیان کراوە.''
وەک بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لە رێنماییەکاندا هاتووە کە کۆمەڵگەکانی کڕین، فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک دوو جۆری A و B دەبن. ''جۆری A لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر، دهۆک و سلێمانی دروست دەکرێن و جۆری B لە ئیدارە سەربەخۆکان کە جیا لە کڕین و فرۆشتن، شوێنی راهێنانی نیشانەشکێنیش لەخۆدەگرن.''
هێمن میرانی گوتی: ''هیچ جۆرە چەکێک ناچێتە نێو ئەو کۆمەڵگەیانەوە، ئەگەر لەلایەن حکومەتەوە تۆمار نەکرابێت، هەروەها ئەو شوێنانە بە تەواوی لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئاسایشدا دەبن.''
بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت یان هەبوونی لە ماڵەوە، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، نابێت هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی کۆمپانیا سیکیوریتییەکان دوای دەوام، چەکەکانیان ببەنەوە ماڵەوە. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی چەکی هێزە ئەمنییەکان گوتی: ''ئەمە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، چەک [لە بنکە ئەمنییەکان] پێویستی بە شوێنی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی دوای دەوامی هێزە ئەمنییەکان رابگیرێن، بەڵام ئەو بنکە ئەمنییە نوێیانەی کە دروست دەکرێن، شوێنیان بۆ دابین دەکرێت.''
هەرچی کارمەندانی کۆمپانیاکانی سیکیوریتین، وەک هێمن میرانی دەڵێت: ''تەنیا لەو شوێنەی کە ئەرکیان بۆ دیاریکراوە، بۆیان هەیە چەک هەڵبگرن، ئەویش تەنیا لەو شوێنانەی کە زۆر هەستیارن، مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان پێدەدرێت.''
بەگوێرەی یاسای چەک، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
دۆسیەی ماتۆرسکیلەکان
یەکێک لەو کێشانەی لە شەقامەکاندا هەیە، ماتۆرسکیلە، کە زۆرجار دەبنە هۆی رووداوی هاتووچۆ، جگە لەوەش زۆربەی خاوەنەکانیان مۆڵەتی لێخوڕینیان نییە، هێمن میرانی گوتی: "'رۆژانە لانیکەم 100 خاوەن ماتۆڕسکیل دێن و ماتۆڕەکانیان تۆمار دەکەن یان مۆڵەتی شۆفێریی ماتۆڕسواری دەردەهێنن.''
بەگوتەی هێمن میرانی دوای دەرکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر کۆمپانیاکانی دلیڤەری و ماتۆڕسکیلەکان، ''زۆربەیان لە تەواوکردنی پڕۆسەی هێنانی ماتۆڕسکیلی مۆدێرن و تۆمارکراودان. بۆ ئەوانەش کە ماون، تاوەکو کۆتایی ساڵ دەرفەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی هەموو ماتۆڕسکیلەکانیان بێدەنگ و تۆمارکراو بن.''
13ـی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەندین بڕیاری لەبارەی ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد کە تێیدا هاتووە، پێویستە ماتۆڕسوارانی گەیاندنی خواردن، ماتۆڕەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ تۆمار بکەن و مۆڵەتی ماتۆڕسواری دەربهێنن. هەروەها کۆمپانیاکانی دلیڤەریشی ئاگادارکردەوە کە ماتۆڕی كارەبایی و بێ دەنگ بۆ گەیاندنی خواردن بەکاربهێنن.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاش کرد و گوتی، ''رێنمایی تایبەت بەو بابەتە هەیە و تەنیا شوێن کە مافی پێدانی تابلۆ و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هەیە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆن کە ئەوانیش لەژێر رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا کار دەکەن. بەگوێرەی ئەو رێنماییانەش بە هیچ شێوەیەک تابلۆ نادرێتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بڕاوەن.''