زیاتر لە 2000 خانەنشین 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە 2000 خانەنشین، 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون و بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیانەوە، کە ژمارەیان زیاتر بوو لە 30 هەزار کەس، بەشێکی زۆریان دوای چەند مانگێک مووچەیان بۆ بەسترا و کۆتا بەشیان ئەم مانگە مووچە وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لە خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی مووچەی ئەم ساڵیان وەرنەگرتبوو، مانگی رابردوو 3443 کەسیان 7 مووچەیان پێکەوە وەرگرت و 2373 کەسیان مابوون، ئەوانیش 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن."
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی یەکەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو زیاتر لە 2000 خانەنشینەی ئەم مانگە 8 مووچە پێکەوە وەردەگرن، دەبنە دوایین بەشی ئەو خانەنشینانەی ئەم ساڵ مووچەکەیان زۆر دواکەوت و تاوەکو ئەمڕۆ هیچیان وەرنەگرتووە."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەشڵێت، "لەمەودوا هەرکەس خانەنشین ببێت، مانگێک بۆ دوو مانگی پێویستە بۆ بەستنی مووچەکەی، ئەوەی وایکرد ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆر خانەنشین مووچە وەرنەگرن، زۆریی ژمارەی خانەنشینان بوو پێکەوە، کە لەدایکبووانی سێ ساڵ بوون."
ئەو خانەنشینانەی لە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشتدا پێکەوە مووچەکانی ئەم ساڵیان وەردەگرن، دوایین جار لە مانگی 11ی پار مووچەیان وەرگرتبوو.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خانەنشینانی شارستانی و سبەی خانەنشینانی سەربازی مووچەی مانگی 8 وەردەگرن.