ئامارى نوێى کۆمیسیۆن: سلێمانى دووەم و هەولێر چوارەم زۆرترین کارتى ماوە چاپ بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رێژەى وەرگرتنەوەى کارتى نوێى دەنگدان لە عێراق گەیشتە 57.5%، دهۆک لە وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگداندا یەکەمى سەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستانە، زۆرترین کارتى نوێ کە هێشتا چاپ نەکراوە پشکى پارێزگاى سلێمانییە.
 
رۆژی دووشەممە 27ى تشرینى یەکەمى 2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نوێترین ئاماری وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە بۆ یەکەمجار دەتوانن دەنگ بدەن.
 
لەو ماوەیەدا دوو ملیۆن و 60 هەزار و 810 کارتی نوێی دەنگدەران وەرگیراونەتەوە، 57.5%ی تەواوی ئەو کارتە نوێیانەیە چاپ کراون.
 
یەک ملیۆن و 382 هەزار و 821 کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە، هەروەها 140 هەزار و 72 کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە قۆناخی چاپکردندان.
 
پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان لەدواى بەغدا تاوەکو ئێستا زۆرترین کارتى بایۆمەترى چاپ نەکراوە 19 هەزار و 748 کارت بووە، خاوەنەکانیان رێکارەکانیان بۆ دەرهێنانى کردووە، هەولێر لە ریزبەندیى چوارەمدایە و 15 هەزار و 202 کارتى نوێ ماوە چاپ بکرێت.
 
هەروەها سێ ملیۆن و 583 هەزار و 703 دەنگدەر مامەڵەى کارتى بایۆمەترییان بۆ کراوە، کە دەتوانن بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەنگ بدەن، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
 
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، دهۆک لە پلەی یەکەمە لە دابەشکردنی زۆرترین کارتی دەنگدەرانی سنووری پارێزگاکە کە 72 هەزار و 774 کارت دابەش کراون، کە 79.3%ی تێکڕای کارتە نوێیەکان دەکات.
 
هەولێر 70.1%ی کارتەکانی دابەش کراون کە 113 هەزار و 666 کارتن، و پارێزگای سلێمانی 63.9%ی ئەو کارتانە دابەش کراون کە نوێن و ژمارەیان 86 هەزار و 113 کارتن.
 
ژمارەی ئەو کارتانەی کە لە کەرکووک دابەش کراون، 70.1%یە، کە بە ژمارە 105 هەزار و 361 کارتن.
 
لە پارێزگای نەجەف کەمترین کارتی نوێی بایۆمەتریی دەنگدان وەرگیراونەتەوە کە 47 هەزار و 841 کارت و 37.7%ی تێکڕای کارتە نوێکانی ئەو پارێزگایەیە. بەگوێرەی ئامارەکە 74 هەزار و 856 کارت وەرنەگیراونەتەوە.
 
رێژەی دابەشکردنی کارتی نوێی دەنگدان لە پارێزگاکانی دیکە:
 
بەغدا: 52.5%
نەینەوا: 76.8%
دیالە: 58.9%
ئەنبار: 68.6%
بابل: 42.3%
کەربەلا: 54%
واست: 50.6%
سەلاحەدین: 55.2%
دیوانیە: 45.9%
موسەننا: 47.5%
زیقار: 45.2%
مەیسان: 51.9%
بەسرە: 46.3%