40 هەزار ئاوارە لە دهۆک دەبێ بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە شنگال

رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لەو ئاوارانەی شنگال مامەڵەکانیان لە دهۆک تەواو کردووە و ناویان تۆمار کردووە، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ شنگال و گوندەکانی دەوروبەری، کێشەی دەنگدانی ئەوان سەرەڕای هەوڵی زۆر هێشتا چارەسەرنەکراوە، کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان دەڵێ :"خەمساردی هەیە لە کۆمیسیۆنەوە لەوبارەوە.'' 
 
پیردەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک لەکاتی بەشداریکردن لە نیوڕۆژی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 15 کەمپی ئاوارەکان هەن، 20 هەزار و 830 خێزانی ئاوارەی شنگال لەنێو کەمپدان، 35 هەزار خێزانیش لە دەرەوەی کەمپدان، بە گشتی نزیکەی 280 هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆ هەن.''
 
زۆربەی ئاوارەکانی شنگال ناویان بۆ دەنگدان لە شارەکە گەڕاوەتەوە، کێشەیان هەیە و ناتوانن بگەڕێنەوە، پیردەیان پیر جەعفەر بەرووداوی راگەیاند: "لە سەرەتاوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمیسیۆن کرد، لەنێو کەمپ و دەرەوەی کەمپ لە تۆمارکردن و نوێکردنەوەی بایۆمەتریان، بەڵام بەشێکیان ناویان لە شنگال گەڕاوەتەوە، ناچارن بچنەوە شنگال دەنگدەن.''
 
زیاتر لە 50 هەزار ئاوارەی شنگال ناویان لە دهۆک گەڕاوەتەوە و دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام بەشێکی زۆری دیکەیان ناویان لە شنگال گەڕاوەتەوە، کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێ: "خەمساردی لە کۆمیسیۆن هەیە، چونکە 40 هەزار ئاوارە ناویان لە شنگال گەڕاوەتەوە و دەبێ بچنەوە شارەکەیان، ئەو ئاوارانە ناویان لەنێو کەمپدا تۆمارکردووە کەچی لە شنگال ناویان گەڕاوەتەوە، تەنانەت هەندێک لە خێزانەکان بەشێکی دەنگدەرانی ناویان لە شنگال و بەشێکی دیکە لە دهۆک گەڕاوەتەوە.''
 
پیردەیان پیر جەعفەر دەڵێ: "دەنگدانی ئاوارەکان زۆر زەحمەت کراوە، چونکە ماڵباتێک چۆن دەتوانێ بەشێکی لە دهۆک دەنگ بدات و دوای نیوەڕۆش بەشێکی خێزانەکەی بباتەوە شنگال بۆ دەنگدان، دەبێتە بارگرانی بۆ ئاوارەکان لە کاتێکدا خۆیان هەژار و نەدارن.'' 
 
لەبارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێ: "لەنێو کەمپدا بنکە دادەنرێ بۆ دەنگدانی ئاوارەکان، لە دۆمیز و هەندێک بنکەی دیکە دەنگ دەدەن، شێوەی دەنگدان و هۆشیاریش بۆ ئاوارەکان بەپێی بەرنامەی دیاریکراو جێبەجێکراوە.'' 
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گلەیی لە کۆمیسیۆن هەیە و دەڵێ: "راستە کۆمیسیۆن لەدهۆک زۆر هاوکارە، بەڵام کێماسی روویداوە و گونجاو نییە ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە رۆژی دەنگداندا .'' 
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکە، پیردەیان پیر جەعفەر دەڵێ: "کۆمیسیۆن گوتویەتی هەوڵدەدەین چارەسەری بکەین، بەڵام لەوباوەڕەدا نیم بتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، کوردانی ئێزدی سەرەڕای ئەو دۆخەی تێیدان، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا کاران لە بەشداریکردندا و نوێنەری خۆیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێرن.''
 
بەرپرسەکەی پارێزگای دهۆک داوا دەکات کۆمیسیۆن رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە، لانی کەم پاس بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و دەنگدانیان، چونکە ئەو دەڵێ: "دەنگدانەکە چارەنووسسازە بۆ شنگال و ناوچەکانی مادەی 140".
 
رۆژی شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی عێراق کارمان کردووە، لە لیستێکدا هەندێک ناویان بۆ ناردین و گوتیان ئەوانە مافی دەنگدانیان هەیە، ئێمەش دەستمان بە کارەکانمان کرد و تیمەکانمان چوونە کەمپەکان ناوی ئاوارەکانیان تۆمار کرد."
 
بۆ دەنگدانی ئاوارەکان، 22 بنکەی دەنگدان و 93 وێستگە دانراون، ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێنی جیاواز نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.