نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست: ئەم هەفتەیە مووچەمان خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێن، بەرپرسان دڵنیاییان پێداون، لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی 8ـیان بۆ خەرج بکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، کە زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە.
هیوا سەمەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ بەرپرسان لەسەر هێڵین و بەڵێنیان داوە لە دوو رۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا مووچەمان بۆ خەرج بکرێت".
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی و ئابووری دڵنیایی پێداین، کە چوارشەممە یان پێنجشەممە مووچەکەمان دابەش دەکرێت".
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دابەشکردنی مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆران دەستیپێکردووە و بڕیارە لە سێ رۆژدا تەواوی مووچەخۆران مووچەکەیان وەربگرن.