سبەی لە هەولێر 7500 پارچە زەوی دابەش دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، سبەی تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی سەنتەری شار دەکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی. بەرپرسێکی شارەوانییەکە دەڵێ: "ئەوانەی کارتی زانیارییان سەنتەری هەولێرە، زەوی وەردەگرن".
 
بەرپرسێک لە شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زەوییەکان  7 هەزار و 500 پارچە زەوین و بەو کەسانە دەدرێت، کە فەرمانبەری فەرمانگەکانی سەنتەری شاری هەولێرن".
 
تیروپشکی دابەشکردنی زەوییەکان سبەی کاژێر 10:30ـی بەیانی، بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر دەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا لە سنووری شارەوانیی شاری هەولێر دوو جار زەوی دابەشکراوە، جارێک چوار هەزار پارچە و جارێکیش 14 هەزار پارچە.
 
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.