مەسرور بارزانی: بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانمان پێشێل نەکرێن، پێویستە خەڵک بەشداری کارای هەڵبژاردن بکەن
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی بۆ لیستی 275 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: "پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ رکابەرێکی نییە و بەهێزترین حیزبی سیاسیی کوردستانە". هەروەها گوتیشی: "دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق هاوبەشیی پێ بکەین."
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەڕۆین، ئەم هەڵبژاردنە وەکو هەر هەڵبژاردنێکی دیکە گرنگە، پێویستە ئێمە بچینە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگری لە دەستکەوتەکانمان بکەین."
مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "بۆ ئەوەی ئاوەدانیمان بپارێزین و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆئەوەی رێگە نەدەین ناحەزانی ئەم گەلە مافە دەستوورییەکانی ئێمە پێشێل بکەن، پێویستە هەموومان بەشدارییەکی کارای ئەم هەڵبژاردنە بکەین، بۆ ئەوەی هێزی پارتی بە هەموو دونیا پێشان بدەین."
مەسرور بارزانی داوای بەشداری کارای خەڵک لە هەڵبژاردن دەکات و دەڵێ: "بۆئەوەی خەڵکی دیکە لە جیاتی ئێمە بڕیار نەدات، بۆئەوەی خوشک و براکانی ئێوە، نوێنەرانی راستەقینەی ئێوە بتوانن لە سەنگەری پێشەوە لە پەرلەمانی عێراق بەرگری لە مافەکانمان بکەن، پێویستە هەموو بەشداری دەنگدان بکەن."
داواشی کرد بانگەشەی هەڵبژاردن بە هێمنی و شارستانی بەڕێوەبچێت و گوتی: "ئێمە بە رەوشتی بەرزی پارتایەتی و رێبازی بارزانی بانگەشە دەکەین، لەسەرخۆ بەڵام بە هەنگاوی پتەو و بە بڕوابەخۆبوونەوە، پشت بەخوا و بە دەنگی ئێوە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین."
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لەوە کرد: "پێشتریش بڕیاری ناحەزان ئەوە بووە بمانوەستێنن، ئەمجارەش دەڵێین ناتوانن، ئەمجارە قسەی ئێمە بەس دروشم نییە، بە کردەوەش سەلماندوومانە ئەوەی دەیڵێین دەتوانین بیکەین."
'پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ رکابەرێکی نییە'
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "خەڵکی دیکە خۆیان تاقیکردووەتەوە، ئێوەش دەرفەتتان بە هەموو لایەنێکی سیاسی داوە بێن خۆیان تاقیبکەنەوە و بزانن دەتوانن چ دەستکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنن، بەدڵنیاییەوە دەتوانم یەک راستیتان بۆ باس بکەم، هەرچی دەستکەوتە بە سەرپەرشتی پارتی بەدەستهاتووە، هیچ لایەنێک نەیتوانیوە بەبێ پارتی هیچ دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت."
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیشیکردەوە: "پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ رکابەرێکی نییە، پارتی بەهێزترین حیزبی سیاسیی کوردستانە، دەمانەوێت ئەو هێزە ببەینە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق بکەین ئەمجارە. شاخەکان شایەتی قوربانییەکانی پارتین، پارتی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و قوربانی هەیە، هەگبەیەکی پڕ لە دەستکەوت و پڕۆژەی هەیە، ئاییندەیەکی پڕ لە هیوا و ئومێدی هەیە."
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "دەمانەوێت هاووڵاتییان متمانەمان پێبدەن بۆ بەردەوام خزمەتکردنتان، پارتی بەرنامەی هەیە بۆ ئاییندەیەکی باشتر، پێویستیمان بە دەنگ و متمانەی ئێوە هەیە، پێویستمان بەوەیە پاڵپشتی پارتی بکەن بۆئەوەی هەموو دووژمنانی کوردستان بێهیوا بکات و کوردستان بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر ببات."
'دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکان فراوانتر بکەین'
مەسرور بارزانی موژدەیەکی بە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دا و گوتی: "لەم هەفتەیە پڕۆژەی رووناکی لە سۆران کارا دەبێت، هەمووتان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری، بەرنامەمان وایە هەموو کوردستان ساڵی داهاتوو ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری، ئەمە کێشەیەکە 30 ساڵە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئێمە توانیمان چارەسەری بکەین."
گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت خەڵکی کوردستان وەکو خەڵکی وڵاتانی پێشکەوتوو بژی، دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکان فراوانتر بکەین و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین."
هەروەها پێداگری حیزبەکەی بۆ بەردەوام بوونی "حکومەتێکی خزمەتگوزار" دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "دەمانەوێت حکومەتێک بێت دووربێت لە بەرژەوەندی کەسی، حکومەتێک کە داهاتی حکومەت بۆ خەزێنەی حکومەت و بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان بمێنێتەوە."
'رێگە نادەین جارێکی دیكه عێراق بەرەو دیکتاتۆرییەت و مەرکەزییەت بگەڕێتەوە'
مەسرور بارزانی دڵنیایی دا :"پێویستە هەر کەسێک بیر لەوە بکاتەوە عێراق بەرەو مەرکەزییەت دەباتەوە، بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت، ئێمە خەڵکێکی هۆشیارمان هەیە، پێشمەرگە قارەمانەکانیش هێشتا هەن، رۆڵەکانی پێشمەرگە هێشتا هەن،ئەو بیری ئازادییەی لە کوردستان چەسپاوە، هێشتا بەردەوامە، بە هیچ جۆرێک رێگە نادەین جارێکی دیكه عێراق بەرەو دیکتاتۆرییەت و مەرکەزییەت بگەڕێتەوە."
ئاماژەی بەوە کرد: "دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق هاوبەشیی پێ بکەین، دەمانەوێت یارمەتیی ئەوانیش بدەین، دەمانەوێت عێراق کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەختەوەر بێت، پێش بکەوێت و پێشکەوتنی ئابووری لە هەموو وڵات بەردەوام بێت."
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد: "ئەگەر عێراق بەرەوپێشەوە بچێت، بەختەوەر بێت، خەڵکی عێراق دڵیان خۆشبێت، بژێوی ژیانیان باشتر بێت، خەڵکی ئێمەش دەتوانن سوودمەند بن، کارگەکانی ئێمەش دەتوانن زیاتر بەرهەمەکانیان بۆ نێوەڕاست و شوێنەکانی دیکەی عێراق بنێرن.
دڵنیایشی دا لەوەی: "ئەوان دەیانەوێت هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "بەرەو ئازادی، ئاشتی و سەقامگیریی بڕوات، ئەمە دروشمی پارتی نییە، بەڵکو شتێکە پارتی لە قووڵایی دڵییەوە بڕوای بەوە هەیە کە ئێمە لەگەڵ ئاشتەوایین، لەگەڵ پێشکەوتنین، لەگەڵ بانگی ئازادیخوازانین."