بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هەموو مەیدانەکانی ئاژەڵی پارێزگای ورمێ داخران

رووداو دیجیتاڵ

 بەڕێوەبەری ڤێترنەری ورمێ دەڵێت؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە هەموو مەیدانەکانی ئاژەڵی پارێزگای ورمێ بۆ ماوەی چوار هەفتە دادەخرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2025، ئومید خەلیلزادە، بەڕێوەبەری ڤێترنەری پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بەمەبەستی رێگریکردن و راگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تەبەق، سەرجەم بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە پارێزگاکە بۆ ماوەی 4 هەفتە دادەخرێن."
 
ئومید خەلیلزادە گوتی: "لەگەڵ داخستنی مەیدانەکان کوتانی ئاژەڵان و رشاندنی شوێنی مانەوەی ئاژەڵان دەستپێدەکات."
 
چوار ملیۆن و 460 هەزار سەر ئاژەڵ لە پارێزگاکە هەیە کە نزیکە 95٪ ئەو ئاژەڵانە لە 2 هەزار و 900 گوندی پارێزگاکە بەخێو دەکرێن.
 
داخستنی ئەو بازاڕانە لە کاتێکدایە، جۆرێکی گەشەکردووی نەخۆشیی تەبەق لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە و ئاژەڵدارانی رووبەڕووی مەترسیی گیانی و زیانی ئابووری زۆر کردووەتەوە. 
 
عەلیرەزا رەفیعی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند: "هێنانی ئاژەڵی قاچاخ سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەیە."
 
ئاژانسی کاری ئێران لە زاری چەند ئاژەڵدارێکەوە بڵاویکردووەتەوە کە ئەو ڤاکسینانەی بۆ رێگریی لە نەخۆشیی تەبەق هاوردەکراون و وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژەڵدارانی داوە، هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. هەروەها هاتووە، لەکاتێکدا وەزارەتەکە ئاگاداری ئەوە بابەتە بوون، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بۆ رزگارکردنی ئاژەڵەکانیان نەداوە و ئێستا دەبێت ئاژەڵداران باجی ئەو کەمتەرخەمییە بدەن.
 
نەخۆشیی تەبەق تووشی ئەو ئاژەڵانە دەبێت كە دووسمن و كاوێژكەرن، وەكو مانگا.
 
دوو شوێنی سەرەكیی ئاژەڵەكە تووشی ئەم پەتایە دەبن؛ نێو دەمی کە لیكێكی زۆر بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دواتر دەبێتە بڵقی گەورە و ئازاربەخش، کە وای لێدەكات نەتوانێت بلەوەڕێت، لەگەڵیشیدا تووشی شەلی دەبێت و ناتوانێت بڕوات بەڕێدا.