9 بەرپرس و فەرمانبەری شارەوانی لە لوڕستان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای لوڕستان، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی نوورئاباد و هەشت فەرمانبەری شارەوانیی شارەکەیان دەستبەسەر کرد کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی حەسەنوەند، داواکاری گشتیی خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند: "دوابەدوای چاودێریکردنی بەردەوام و ئەو راپۆرتانەی لە دەزگە ئەمنی و چاودێرییەکانەوە وەرگیران، دۆسیەیەک سەبارەت بە پێشێلکاری و گەندەڵیی دارایی لە شارەوانیی دڵفان و شاری نوورئابادی ناوەندی قەزاکە تۆمارکرا."
داواکاری گشتیی خوڕەمئاوا گوتی: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی نوورئاباد و هەشت فەرمانبەری شارەوانیی ئەو شارە دەستبەسەرکران."
عەلی حەسەنوەند گوتی: "ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون بە گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە شارەوانی و وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبارن."
بە گوتەی داواکاری گشتیی خوڕەمئاوا، دۆسیەکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدایە و بە وردی و خێرا کاری لەسەر دەکرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ سازشێک لەگەڵ سەرپێچیکاران ناکرێ.