قایمقامی مەریوان: دەروازەی سنووریی باشماخ 24 کاژێر کراوە دەبێ
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بڕیار دراوە دەروازەی سنووریی باشماخ لەنێوان پارێزگای سنە و هەرێمی کوردستان بۆ کاری بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری 24 کاژێر کراوە بێ.
نەژاد جەهانی، قایمقامی مەریوان دەڵێت: "لە رۆژی شەممەوە بڕیارەکە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بە شێوەیەکی کاتی و بۆ دوو هەفتە وەک تاقیکردنەوەیەک دەروازەکە 24 کاژێر کراوە دەبێ."
نەژاد جەهانی گوتی: "هیوادارین بازرگانانی هەردوولا بە باشترین شێوە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن بۆ پەرەدان بۆ بازرگانیی هاوبەش."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پێویست بکات، بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەن بڕیاری کراوەبوونی دەروازەی سنووریی باشماخ بکرێتە هەمیشەیی.
بە گوتەی قایمقامی مەریوان، هەندێک گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووریی باشماخ دەکرێ و بڕیاریان داوە، رێکخستنێکی باشتر بۆ دەروازە سنوورییەکە بکەن. لەم چوارچێوەیەشدا دەیانەوێ هێڵی ترانزێت، هەناردە و هاتووچۆی گەشتیاری لە یەکتر جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ کاری بازرگانی و هاتووچۆی خەڵک بکرێت.
قایمقامی مەریوان گوتی، پلانی فراوانکردنی دەروازەی سنووریی باشماخ و باشترکردنی ژێرخانەکانی سنوورەکەیان هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش 25 هێکتار زەوی بۆ رووبەری دەروازە سنوورەکە زیاد دەکرێت کە ئەو کاتە رووبەری دەگاتە 55 هێکتار.
دەروازەی سنووریی باشماخ دەکەوێتە نێوان قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خاڵێکی سنووریی گرنگە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.