لە هێرشێكی خۆكوژیدا زیاتر لە 10 پێشمەرگە بوونە قوربانی

رووداو – گەرمیان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە كەسێكی خۆكوژ بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە خۆی بە رەبایەیەکی فەوجی سێی سەر بە هێزەكانی 70ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان تەقاندەوە.

بارەگای فەوجی 3 سەر بە هێزەکانی 70ی وەزارەتی پێشمەرگە، دەکەوێتە ناحیەی جەبارە لە قەزای کفری.

هەڵگورد مەلا حیكمەت، بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتیمانی و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند:"پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-11-2013 كەسێكی خۆكوژ بو ئۆتۆمبێلێكی بۆمڕێژكراو خوی تەقاندەوە بە رەبایەیەكی فەوجی 3ی لیوای 136ی یەكەكانی 70 لە ناحیەی جەبارە و لە ئەنجامدا 10 كەس بریندار بوون و یەك كەسیش گیانی لەدەستداوە".

هەڵگورد مەلا حیكمەت گوتیشی:" چەند كەس لە بریندارەكانیش برینەكانیان سەختە و باری تەندرووستییان ناجێگیرە."

هەڵگورد مەلا حیكمەت گوتی:" ئەو هێزە كە لە ناحیەی جەبارەن بە ئەركی فەرمی لەو شوێنەن و رەبایە و بازگەی خۆیان هەیە و بەردەوامیش تووشی ئەو حاڵەتانە دەبنەوە."