فرسەت سۆفی: نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەرکی خۆی سێ پارک بۆ هەولێر دروستدەکات


رووداو - هەولێر 

 

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و داوایکرد رێژەی سەوزایی لە هەولێر زیادبکرێ، ئەویش بڕیاریدا لەسەر ئەرکی خۆی سێ پارک بۆ هەولێر لە گەڕەکەکانی رۆشنبیری و ژیان هەروەها ناحیەی هەریر دروستبکات.
 
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا گوتی "لەگەڵ سەرجەم قایمقامییەت و شارەوانییەکانی سەنتەر و دەوروبەری هەولێر کۆبووینەتەوە بۆئەوەی پلانێکی تۆکمە بۆ هەولێر دابڕێژین، بۆ ئێستاش رەزامەندی حکومەتی عێراقمان وەرگرتووە بۆ وەرگرتنی قەرزی ژاپۆن کە بڕەکەی 288 ملیۆن دۆلارە کە ماوەیەکی زۆرە راوەستاوە، ئەمەش چەندین گرفتی خزمەتگوزاری لە هەولێر چارەسەر دەکات.
 
فرسەت سۆفی راشیگەیاند "لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاکی هەولێر و هێنانی ریسایکلین، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی باشمان ناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامی باشی دەبێت، هەروەها پرۆسەیەکی تۆکمە بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان دەستیپێکردووە بە تایبەت رێگەکانی دەرەوەی شار، لە چەند رۆژی داهاتوودا زۆربەی ئەو رێگا خراپانە چاکدەکرێنەوە بەتایبەتی جادە تێکچووەکانی ناو هەولێر".
 
لەبارەی گرفتی کارەباشەوە پارێزگاری هەولێر گوتی "لەگەڵ وەزیری کارەبا کۆبووینەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا، ئێستا پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک دەستیپێکردووە و 40%ی پرۆسەکە تەواوبووە، هەروەها بەشێکی زۆری کارەبا دەدزرێ بۆ شوێنی زێدەڕۆ، تاوەکو یەک مانگی دیکە خاوەن خانوو، شوێنکار و یەکە زێدەڕۆکان کاتیان لەبەردەستە بۆئەوەی پێوەری کاتییان بۆ ببەسترێ، دوای ئەوە هەڵمەتێک بۆ بڕینی کارەبای زێدەڕۆ دەستپێدەکەین بەبێ چاوپۆشیکردن لە شوێن و کەس، ئەوەشی پێوەری نەبەستووە دەبێ بیبەستێ، ئەگینا دواتر رووبەڕووی سزای ماددی و لێپرسینەوە دەبێتەوە".
 
گرفتی نووسەران و وەرزشوانان تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەوبارەیەوە پارێزگاری هەولێر گوتی "لەگەڵ یانە وەرزشییەکان کۆبوومەتەوە و گوێم لێیان گرتووە و هەوڵی چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم وەرزش دەدەین، هەروەها لەگەڵ نووسەران کۆبوومەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڤاری یەکێتی نووسەرانی کورد دەردەچێتەوە".
 
پارێزگاری هەولێر کە ماوەی دوو مانگە دەستبەکاربووە جەختی لە هەڵگرتنی ئەو بەربەستە کۆنکرێتییانە کردەوە کە کونسوڵخانە و بارەگا حیزبییەکان لەسەر جادە و شەقامەکان دایانناون و ئاماژەی بەوە کرد "لەگەڵ قایمقامەکانی هەولێر و دەوروبەری کۆبووینەوە و لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەو گەڕەک و شەقامانەمان دیاریکردن کە لەلایەن بارەگا حکومی، حیزبی و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانەوە بە بەربەست داخراون، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆدەبینەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدەین و دەبێ هەموویان هەڵبگیرێن، ئەمەش لە چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێدەکرێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە کونسوڵخانە یان بارەگای حیزبی جادە و شەقام دابخەن".
 
لەبارەی کاری مووەلیدە ئەهلییەکانیشەوە پارێزگاری هەولێر دەڵێت "هەر مووەلیدەیەک گازی خراپ بەکاربهێنێت ئاگاداری دەکەینەوە، دووەمجار مۆڵەتی کارکردنی لێ دەستێنینەوە و بەردەوام چاودێرییان دەکەین تەنانەت لە شوێنی گازفرۆشتنیش. ماوەی شەش مانگیشیان لەبەردەستە بۆئەوەی مووەلیدەکانیان بۆ مووەلیدەی بێدەنگ بگۆڕن، دوای ئەو وادەیە مۆڵەتی کارکردنیان لێ دەسێنرێتەوە.
 
لەبارەی کەمی نەخۆشخانە و قوتابخاشەوە، فرسەت سۆفی باسی لەوە کرد "بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە لە چەند ساڵی رابردوودا نەتوانراوە وەکو پێویست قوتابخانە و نەخۆشخانە دروستبکرێن، ئێستا هەشت کەس ئامادەییان دەربڕیوە خۆبەخشانە و بێبەرامبەر نەخۆشخانە و قوتابخانە لە سنووری هەولێر دروستبکەن، ئێمەش دەستخۆشیمان لێکردوون و بەمزووانە پرۆژەکانیان تەواودەبن".
 
لەبارەی رێژەی سەوزای لە شارەکە پارێزگاری هەولێر دەڵێت "لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوومەتەوە و داوامکرد رێژەی سەوزایی لە هەولێر زیادبکرێ، ئەویش بڕیاریدا لەسەر ئەرکی خۆی سێ پارک بۆ هەولێر لە گەڕەکەکانی رۆشنبیری و ژیان هەروەها ناحیەی هەریر دروستبکات. هەروەها ئێستا پرۆژەیەکمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی یاسایەک دابنرێت کە هەر منداڵێک لەدایک ببێ دارێکی بۆ بچێنرێت".
 
کێشەی پەڕینەوە لە جادە و بانەکانی هەولێر، تەوەرێکی دیکەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، فرسەت سۆفی لەوبارەیەوە گوتی "200 ملیۆن دینارمان بۆ دروستکردنی پردێک لە عەنکاوە تەرخانکردووە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت، هەروەها خاوەنی ماجدی مۆڵ پردێکی پەڕینەوە لەبەردەم مۆڵەکەی خۆی دروستدەکات و دوو پردی دیکە لەبەردەم کۆلیژی دەرمانسازی و قوتابخانەی ئەحمەدی خانی دروستدەکەین، ئەمانە وەکو چارەسەرێکی سەرەتایین و لە داهاتوودا زیاتریان دەکەین، ئەو پردانەشی کە سەرخەرەکانیان کارناکەن چاکیان دەکەینەوە".
 
پرۆژەی نیشتەجێبوونی وەرین ستی یەکێکە لەو پرۆژانەی کە لە هەولێردا کێشەیان هەیە و تاوەکو ئێستا بە تەواونەکراوی ماوەتەوە، پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە رایگەیاند "لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان چەندین دانیشتنمان کردووە و چەند وەبەرهێنێک کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی پرۆژەکە تەواوبکەن، ئێستا نزیکین لەوەی پرۆژەکە بدەینە یەکێک لەوانە. 
 
لەبارەی ئەو کۆمپانیانەشی کە گەڕەکە نوێیەکانیان دروستکردووە فرسەت سۆفی گوتی "تاوەکو ئێستا ئەو کۆمپانیایانەی کە گەڕەکە نوێیەکانیان دروستکردووە لەکاتی کڕین و فرۆشتنی خانوودا پارەیان لە کڕیار و فرۆشیاریش وەرگرتووە، ئەمە تەواو نایاساییە و هەر کۆمپانیایەک ئەوە بکات رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و نابێ هاونیشتمانییان بەهیچ شێوەیەک پارەی کڕین و فرۆشتن بە کۆمپانیا بدەن، لە رابردوودا کۆمپانیا هەبووە پێنج هەزار دۆلاری لە کڕیار و فرۆشیار وەرگرتووە. سەرەڕای ئەوەش وەبەرهێنەکانمان ناچارکردووە کە دەبێ گرنگییەکی زۆر بە ئاوی خواردنەوەی گەڕەکە نوێیەکان بدەن و کلۆر بەکاربهێنن، هەروەها ناچاریشیان دەکەین قوتابخانە و پارک و نەخۆشخانە دروستبکەن".
 
لەبارەی گرفتی ئاوی خواردنەوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت "پرۆژەی ئیفراز چوار دەبێ جێبەجێبکرێت، ئەوەش کێشەی ئاو بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ چارەسەر دەکات و پێویستی بە 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلارە. ئاوی ژێرزەوی ساڵ بە ساڵ دادەبەزێت ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ داهاتوو".