چەکداران لە عەفرین درەختی زەیتوون دەبڕنەوە و بۆ ئیدلبی دەنێرن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو درەختە زەیتوونانەی لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن چەکدارانەوە دەبڕدرێنەوە، لە رێگەی بارهەڵگرەوە بۆ پارێزگای ئیدلب دەگوازرێنەوە،.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە رۆژی سێشەممە 2020/11/24 لە رێگەیەکی نێوان هەرێمی عەفرین و پارێزگای ئیدلبدا گیراوە. 
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی لە عەفرینەوە لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا قسەیان کردووە، چڵ و چێوی زەیتوونەکان بۆ مەڕ و ماڵات و گا و گۆلک بەکاردەهێنرێت و قەد و لقە ئەستوورەکانیش وەک ئێزنگ (داری ئامادەکراو بۆ سووتاندن) دەفرۆشرێن.
 
لە دەستپێکی کۆنترۆڵکردنی هەرێمی عەفرین لەلایەن هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە سەر بە تورکیان، سەدان هەزار درەختی زەیتوون، دارمێو و درەختی دارستانەکان بڕدراونەتەوە.
 
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانێکی کوردە کە خەڵکی شارۆچکەی شیێیە و دۆسیەی بڕین و سووتاندنی درەختەکان دەکاتە بەڵگە و لەو بارەیەوە ئامارەکانی داوەتە رووداو.
 
مستەفا شێخۆ دەڵێت: "لەو رۆژەوەی عەفرین داگیر کراوە، بە گوتەی رێکخراوی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 225 هەزار درەختیان بڕیوەتەوە. تەمەنی هەندێک درەخت 100 ساڵە."
 
سەرەڕای بڕینەوەی درەختەکان، هەزاران هێکتار زەوی و دارستانی هەرێمی عەفرین سووتێنراون و زیانێکی زۆری لە جووتیاران و ژینگەی هەرێمەکە داوە.
 
مستەفا شێخۆ ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەیەکی زۆر لە دارستان لە ناوجەکانی سەر بە عەفرین بڕدراونەتەوە.
 
سەرچاوەیەکی تایبەت لە شارۆچکەی راجۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەو کاتەی ناسر هەریری، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەردانی هەرێمی عەفرینی کردبوو، هەندێک خەڵکی هەرێمەکە لەبارەی بڕینەوەی درەختی دارستانەکانەوە گلەییان کردبوو. 
 
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، تاوەکو ئێستا هیچ رێگرییەک لەو کارەی گرووپە چەکدارەکان نەکراوە.