خوێندکارانی زانکۆکانی گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە لە خۆپێشاندان و بایکۆتی دەوام بەردەوامن

 
رووداو دیجیتاڵ

خوێندکارانی هەر سێ زانکۆکانی گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە لە خۆپێشاندان و بایکۆتکردنی دەوام بەردەوامن و نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی راپەڕینیش دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی دەرماڵەمان بۆ خەرج دەکرێت، بەردەوام دەبین لە خۆپێشاندان و ناچینە هۆڵەکانی خوێندن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-11-2022 بایکۆتکردنی دەوامی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ژمارەیەک زانکۆ و پەیمانگەی هەرێمی کوردستان پێدەنێتە هەفتەی سێیەمەوە و داوا دەکەن کرێی خوێندنی پارالێل کەمبکرێتەوە و دەرماڵەیان بۆ خەرجبکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرسێ زانکۆکە دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، بەڵام هیچ خوێندکارێک ناچێتە ناو هۆڵی خوێندنەوە.
 
خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین هاوکات لەگەڵ داواکاریی دەرماڵەی خوێندن، داوای کەمکردنەوەی کرێی پارالێڵیش دەکەن. بەڵێن بەهائەدین، نوێنەری خوێندکارانی ناڕازیی راپەڕین بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە راپەڕینی راگەیاند، "تاوەکو ئەوکاتەی دەرماڵەمان بۆ خەرجدەکرێت، لە بایکۆت و خۆپێشاندانەکانمان بەردەوام دەبین و ئەمڕۆش دەچینە بەردەم نووسینگەی پەرلەمان و داواکارییەکانمان دەگەیێنینە پەرلەمانی کوردستان."
 
بەڵێن بەهائەدین باسی لەوە کرد، "ماوەی سێ هەفتەیە لە شەقامین، بەڵام تائێستا کەس نەهاتووە بڵێت داواکاریی ئێوە چییە؛ داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن و گوێ لە داواکانمان بگرن."
 
بایکۆتی دەوام لە زانکۆی گەرمیانیش بەردەوامە. هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گەرمیان گوتی، "خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان ئەمڕۆ ویستیان دەرگای سەرەکیی زانکۆ بگرن بۆئەوەی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ نەتوانن بچنە نێو زانکۆ، بەڵام پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان لەبەردەم زانکۆ ئامادەبوون و رێگەیان بۆ مامۆستایان کردەوە."
 
خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان بە پەیامنێری رووداوی گوت، "داواکارییەکانی ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ خەرجکردنی دەرماڵە و کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل بووە، بەڵام ئێستا داوامان ئازادکردنی خێرای ئەو خوێندکارانەشە کە لە خۆپێشاندانەکانی سلێمانی گیراون."
 
ساڵی 2021 وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا دەرماڵەی خوێندن بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خەرجبکات و بەپێی بڕیارەکە خوێندکارانی ناو شار 40 هەزار دیناریان بۆ خەرجکرا و خوێندکارانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینار."
 
نزیکەی 130 هەزار خوێندکار لە هەرێمی کوردستان لەو پاڵپشتییە داراییە سوودمەند بوون و مانگانە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ پێدانی ئەو دەرماڵەیە پێویستی بە زیاتر لە پێنج ملیار دینارە؛ بەڵام لە دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵەوە ئەو دەرماڵەیە نەدراوەتە خوێندکاران.