ئاراس حەسۆ میرخان: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا لێکتێگەیشتنی باشی لەگەڵ بەغدا دروستکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان. لەبارەی سەردانی حیزبەکەی بۆلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "بەم نزیکانە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە." 
 
رۆژی یەکشەممە 27-11-2022، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "خاڵەکانی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و ئەو هەڕەشە و هێرشانەی بەم دواییانە لەلایەن ئێران و تورکیاوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتانە بوون کە دەبووایە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنیان." 
 
ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "پێمان وایە نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کاراکتەرێکی دیار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، لەم قۆناخەدا پێویستە ئەم سەردانە بکات. هەرکات نێچیرڤان بارزانی دەچێت بۆ بەغدا بە هەواڵی خۆش دەگەڕێتەوە؛ بۆیە هیوامان بەم سەردانە زۆرە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات." 
 
لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆلای لایەنە سیاسییەکانی عێراق، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق رەنگە هەموو دەسەڵاتێکی نەبێت؛ بۆیە پێویست بوو ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لە حکومەتی عێراق بکرێت." 
 
لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا
 
ئاراس حەسۆ میرخان دەڵێت: "رێککەوتنی ئێمە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوە بووە کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکرێن. کێشەی بودجە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانە، بەڵام کێشەی گەورە نییە و پێمان وایە چارەسەر دەبێت. ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باشە. زۆر بەڵێنی گەورە دراون لەسەر ئەوەی لێکتێگەیشتنەکە بکرێتە رێککەوتنێک و ببێتە بەرنامەی حکومەت." 
 
ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "پرسی یاسای نەوت و گاز و پێکهێنانی هێزی هاوبەش لە سنووری مادەی 140 دوو کێشەی سەرەکین کە سەرنجی شاندی هەرێمی کوردستانی لەسەر بووە. هاوکات پێشێلکردنی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق خاڵێکی دیکەی گفتوگۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و دەبێت عێراق لەسەر ئەمەیان هەڵوێستی جیددی هەبێت." 
 
بە گوتەی ئاراس حەسۆ میرخان: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەی بۆ بەغدا نەچووەتە نێو وردەکاری کێشەکانەوە، لەبەرئەوەی ئەو وردەکارییە پێویستی بە شاندی دانوستاندن هەیە، لەوانەیە دانوستاندنەکان دوورودرێژبن. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی کردوویەتی دروستکردنی لێکتێگەیشتنەکە بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەو بوارەدا رۆڵێکی گەورەی هەیە." 
 
کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی
 
ئاراس حەسۆ میرخان لەبارەی کۆبوونەوەی حیزبەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندییدا بڕیاردرا شاندێک پێکبهێندرێت بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان." 
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: "کێشە نێوخۆییەکانمان نابێت کاریگەری لەسەر بەغدا دروستبکات و دەبێت لانیکەم وابکەین لە بەغدا یەکدەنگ بین. ئێمە و یەکێتی بەیەکەوە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقمان واژۆکردووە؛ بۆیە دەبێت بەیەکەوەش کار بۆ جێبەجێکردنی بکەین." 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کە پارتی تێیدا بەشدار نەبوو، ئاراس حەسۆ میرخان دەڵێت: "پێم وانییە پارتی بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوەیە کرابێت" و دەشڵێت: "ئەو کۆبوونەوەیە ئاساییە، بەڵام دەبێت بزانین کە هەر کۆبوونەوەیەک بکرێت بەبێ پارتی، بەرهەمی نابێت و هاوکات دەبێت ئێمەش بزانین هەر کۆبوونەوەیەک بکەین بەبێ یەکێتی دیسان ئەویش بەرهەمی نابێت." 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتیش، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی گوتی: "بڕیارە بەم نزیکانە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببینەوە."