ئەمساڵ لە دهۆک 23، لە هەولێر شەش و لە سلێمانی دوو هێندەی هەمان کاتی پار باران باریوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پێنجشەممەی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆتایی دێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە ئێوارەی سێشەممەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوچەکە دەگرێتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانیش، ئەمساڵ بەراورد بە هەمان کاتی پار چەند هێندە زیاتر باران باریوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی رۆژی 27-11-2022 وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، بارانبارینی ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بەراورد بە هەمان کاتی پار بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
هەولێر
ساڵی 2022: 48 ملیمەتر
ساڵی 2021: 8 ملیمەتر
سلێمانی
ساڵی 2022: 93 ملیمەتر
ساڵی 2021: 35 ملیمەتر
دهۆک
ساڵی 2022: 93 ملیمەتر
ساڵی 2021: 4 ملیمەتر
هەڵەبجە
ساڵی 2022: 86 ملیمەتر
ساڵی 2021: 55 ملیمەتر
کەرکووک
ساڵی 2022: 71 ملیمەتر
ساڵی 2021: 7 ملیمەتر
بەپێی ئەو ئامارەی کەشناسی، دەردەکەوێت ئەمساڵ تاوەکو 27-11-2022 لە پارێزگای دهۆک 23 هێندەی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو باران باریوە، لە هەولێر شەش هێندە و لە زیاتر لە دوو هێندە، لە کەرکووک زیاتر لە 10 هێندەی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو باران باریوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی دەکەین لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29ی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بارانبارین دەسپێبکاتەوە کە سەرەتا لە سنووری پارێزگای دھۆک و رۆژئاوای ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت و رۆژی دواتری کاریگەری بۆ سەرجەم ناوچەکان دەبێت و تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت."
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتیشی، شەپۆلەکە مەترسیی لافاوی نابێت، بەڵام بارانی "باش" دەبارێت.
هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە رۆژانی پێشوو؛ پێشبینییەکانی بۆ سبەینێی باشووری کوردستانیشی بەم شێوەیەی خوارەوە راگەیاند:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 17 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی