دوو هێندەی پار باران باریوە؛ پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ ساڵێکی باراناوی بێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ لە هەموو باشووری کوردستان بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، بارانی زیاتر باریوە. کەشناسێک دەڵێت، ئەم ساڵ ساڵێکی باراناوی دەبێت. پسپۆڕێکی ژینگەش دەڵێت، گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا بە جۆرێکن تەنیا نیوەی پێشبینییەکان وەک خۆیان دەردەچن.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، لە سەنتەری پارێزگاکان زۆرترین باران لە هەولێر باریوە، پاشان دهۆک، ئینجا هەڵەبجە، دواتر لە سلێمانی و کەرکووک؛ لە تەواوی پارێزگاکانیش زیاتر لە دوو هێندەی پار باران باریوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-11-2023، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینییەکان خێرا دەگۆڕدرێن؛ پێشبینی دەکرا لە مانگەکانی 10 و 11دا زۆرترین باران ببارێت، بەڵام بەو جۆرە نەبوو. لە هەمان کاتدا بارانی باش باریوە".
ئەو کەشناسە دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەم ساڵ ساڵێکی باراناوی دەبێت؛ گوتیشی، "بارانبارینی ئەم ساڵ زیاتر دەبێت لە سێ ساڵی رابردوو."
"پێشبینییەکان 50%یان راستن"
دکتۆر عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ژینگە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی هەموو پێشبینییەکان، ئەم ساڵ ساڵێکی باراناوی دەبێت."
ئەو پسپۆڕەی ژینگە ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی لەبارەی بارانبارین پێشبینی دەکرێت پشتبەستوو نییە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. چەند ساڵێکە گۆڕانکارییەکان زۆر خێران. ئەگەر 15 ساڵ پێش ئێستا پێشبینییەکانی بارانبارین و پلەی گەرما 90% دروست بوونایە، ئێستا نەوەک لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە جیهانیشدا پێشبینییەکان 50%یان وەک خۆیان دەردەچن؛ هەندێک کات رێک پێچەوانەش دەبنەوە."
بەگوێرەی داتاکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بارانبارینی ئەم ساڵ و هەمان رێککەوتی پار بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
هەولێر؛ ئەم ساڵ 144.7 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو هەمان رێککەوت 11.5 ملیمەتر باران باریبوو، بەم پێیەش ئەم ساڵ 133.2 ملیمەتر بارانی زیاتر لە پار باریوە.
سلێمانی؛ ئەمساڵ 79.4 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو هەمان رێککەوت 43.2 ملیمەتر باران باریبوو، بەم پێیەش ئەم ساڵ 36.2 ملیمەتر بارانی زیاتر لە پار باریوە.
دهۆک؛ ئەمساڵ 121.4 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو هەمان رێککەوت 10.3 ملیمەتر باران باریبوو، بەم پێیەش ئەم ساڵ 111.1 ملیمەتر بارانی زیاتر لە پار باریوە.
هەڵەبجە؛ ئەمساڵ 100.6 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو هەمان رێککەوت 32.6 ملیمەتر باران باریبوو، بەم پێیەش ئەم ساڵ 68 ملیمەتر بارانی زیاتر لە پار باریوە.
کەرکووک؛ ئەمساڵ 60 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو هەمان رێککەوت 10.2 ملیمەتر باران باریبوو، بەم پێیەش ئەم ساڵ 49.8 ملیمەتر بارانی زیاتر لە پار باریوە.
کەشناسی: ئەمڕۆ نمەباران دەبارێت
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ نمەبارانی پچڕ پچڕ و لە دوای نیوەڕۆیشدا بارانبارین زیاتر دەبێت بۆ نمەباران و کاریگەرییەکەی لە شەودا لاواز دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسی دەڵێت، لە بەرەبەیاندا نمەبارانێکی کەم لەناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت و دواتر کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت و پلەی گەرماش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی سێشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 16 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 15 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 13 پلەى سیلیزى
کەرکووک؛ 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 14 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 14 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 18 پلەى سیلیزى
حاج ئۆمەران؛ 8 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 12 پلەى سیلیزى