نرخی مریشک دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە دوو هەفتەی پێشوو، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو نزیکەی هەزار دینار دابەزی؛ کیلۆیەک مریشک لە سلێمانی و هەڵەبجە کەمترە لە سێ هەزار دینار و لە هەولێر بە سێ هەزار و 350 دینارە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023 زەکەریا سەفین، فرۆشیاری مریشک لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشک دەدەینە 3 هەزار و 400 دینار."
هەروەها بەشدار رەشۆ، مریشکفرۆش لە گەڕەکی هەولێری نوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو، نرخی مریشک دابەزیوە؛ ئەمڕۆ کیلۆی بە سێ هەزار و 400 دینار دەفرۆشین، لەکاتێکدا دوو هەفتە پێش ئێستا کیلۆی چوار هەزار دینار بوو."
لە هەڵەبجە و سلێمانی بەراورد بە هەولێر، نرخی مریشک هەرزانترە؛ راشید تاهیر، مریشکفرۆش لە گەڕەکی مامۆستایانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کیلۆیەک مریشک بە دوو هەزار و 900 دینارە."
ئەو مریشکفرۆشەی هەڵەبجە گوتی، مریشک زۆرە و بەهۆی دواکەوتنی مووچەشەوە خواست لەسەری کەم بووەتەوە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند رۆژێک نرخی مریشک بەرزبووەوە، بەڵام کاتی بوو، شەوی رابردوو لە پەلەوەرخانەکان کیلۆی بە دوو هەزار و 800 دینار فرۆشرا."
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، نرخی مریشک وەکو ئێستا بمێنێتەوە زیان بەر خاوەنی پەلەوەرخانەکان دەکەوێت؛ گوتیشی، دابەزینی بەهای دینار و هاتنی وەرزی سەرما کە پەلەوەرخانەکان پێویستیی زۆریان بە گاز و گازوایل دەبێت، بارگرانی زیاتری لەسەر خاوەن پەلەوەرخانەکان دروستکردووە و داوایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکات بۆ ئەوەی زیان نەکەن.
11ـی ئەم مانگە نرخی کیلۆیەک مریشک لە هەرێمی کوردستان گەیشتە چوار هەزار دینار.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی سپی، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆش زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە.
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە