پارێزگارى نوێى نەینەوا دیاریکرا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق عەبدولقادر دەخیل ـى وەک پارێزگارى نوێى نەینەواى دیاریکرد لە جێگەى نەجم جبوورى، پارێزگارى پێشوو کە دەستى لەکارکێشایەوە.
 
بەگوێرەى بڕیارێکى ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کە 26ـى تشرینى دووەم دەریکردووە، رەزامەندى سەرۆکوەزیرانى بۆ دەستلەکارکێشانەوەى نەجم جبوورى لە پۆستى پارێزگارى نەینەوا و دیاریکردنى جێگرەکەى دەرکردووە.
 
بەگوێرەى ئەو نووسراوە "عەبدولقادر دەخیل، راسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنى پۆستى پارێزگارى نەینەوا و بڕیارەکەش لە رۆژى دەرکردنییەوە جێبەجێ دەکرێت."
 
27ـى تشرینى دووەمى 2023، نەشئەت سادق، قایمقامى قەزاى تەلەعفەر لە سنوورى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە فەرمى لەلایەن کارگێڕى پارێزگاوە ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیارى راسپاردنى عەبدولقادر دەخیل بۆ بەڕێوەبردنى پۆستى پارێزگارى نەینەوا دەرکراوە و ئەمڕۆ دووشەممە دەستبەکار بووە.
 
قایمقامى تەلەعفەر ئاماژەى بەوەشدا کە پارێزگارى نوێ تاوەکو دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.
 
عەبدولقادر دەخیل بەر لەوەى بکرێتە پارێزگارى نەینەوا، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى لیژنەى ئاوەدانکردنەوەى موسڵ بوو. 
 
رۆژی 26-11-2023، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ئەویش پەسندی کرد.
 
بڕیارە لە 18ـى کانوونى دووەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بکرێت کە یەکێک لە ئەرکەکانى ئەو ئەنجوومەنانە هەڵبژاردنى پارێزگارە.