ئەندامێکی لیژنەی دارایی: هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەوێتە مانگی 2ـی ساڵی داهاتوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی گشتیی عێراق هەمواریش بکرێتەوە، دەکەوێتە مانگی 2ـی ساڵی داهاتوو.
رۆژی دووشەممە 27-11-2023 د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا "گرنگ و پێویستە"، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، بەتایبەتی بڕیارە بەم نزیکانە دوایین 700 ملیار دینارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەبێت هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن.
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە گرفتەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵە (2023، 2024، 2025)ـی عێراق هەمواربکرێتەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەبێت تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتە، چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، "ناکرێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بەجێبهێڵدرێن، چونکە ئەگەر یاسای بودجە بێ کێشە و بەشێوەیەکی ئاسایی هەمواریش بکرێتەوە، ئەوا هەموارکردنەکەی دەکەوێتە مانگی 2ـی ساڵی داهاتوو، بۆیە ناکرێت تاوەکو ئەوکاتە مووچەخۆران لە چاوەڕوانی بهێڵدرێنەوە".
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـی هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. 7ـی ئابى 2023، رێنوێنیی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کرابوو، بەوەش یاساکە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
د. نەرمین مەعروف جەختی لەوەکردەوە، هەر بڕیار و رێککەوتنێکی دیکە بکرێت، دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جارێکی دیکە دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەرنا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئامادەنییە پارەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات بۆ مووچەی فەرمانبەران.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوورییە، هەریەک لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی،چاوشلی راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەندامانی شاندەکەن.
شاندەکە بەر لە چوونیان بۆ بەغدا گوتیان، تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەران، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبنەوە.
هەرێمی کوردستان دەڵێت، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە نانێردرێن و ئەوەی هەیە بڕیاردان بووە بۆ ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بە قەرزە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ سێ مانگ.
لە دوو مانگی رابردوودا حکومەتی عێراق هەر مانگێک 700 ملیار دیناری ناردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانی کردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوویشدا 700 ملیارەکەی دیکە بنێردرێت.
بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دیناری دیکەی بۆ بنێرێت، بۆ ئەمەیان هێشتا هیچ وەڵامێک نییە و لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کورستان لە بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.