ئاگرەکەی کۆرۆمۆر کۆنترۆڵکرا و بەشێکی کارمەندان گەڕانەوە سەر کارەکانیان


رووداو دیجیتاڵ 

دوای هێرشەکەی درەنگی شەوی رابردوو، ئەمڕۆ ئاگرەکەی کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە تەواوی کۆنترۆڵکرا.
 
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر رایگەیاند، "ئێستاش بەردەوام ئاو بە تانکی کۆگەکەدا دەکرێت و سارد دەکرێتەوە، کە شەوی رابردوو بەهۆی هێرشەکەوە گڕی گرت، ئەویش بەو ئامانجەی لە تەقینەوەی گەورەتر و دووبارە ئاگرکەوتنەوە بپارێزرێت".
 
دوایین تیمی بەرگریی شارستانی شوێنی ئاگرەکەیان بەجێهێشت و تیمەکانی کۆرمۆر کاردەکەن بە خێرایی بەرهەمهێنانی گاز دەستپێبکەنەوە. ئەمە بەگوێرەی پەیامنێری رووداو. 
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، "دوو لە ترۆمپاکانی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی نەوەستاون و بەردەوامن لە کارکردن بۆ پێداویستی نێوخۆی کێڵگەکە بەکاردێت نەک بەرهەمهێنانی کارەبا".
 
پەیامنێری رووداو گوتیشی: "بەشێکی کەم لە ئەندازیاران و کرێکارەکانی کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان. هەروەها تانکەرەکانی گواستنەوەی گاز بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە".
 
شەوی رابردوو بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە، دواتر کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند هێرشی مووشەکی بووە، بەڵام لایەنی بەرپرسی خۆجێی ناوچەکە دەڵێن، بۆ دڵنیابوونەوە بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە.
 
ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتەسەر، ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە، بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو، بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە.
 
ئەرکان عەلی لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشی ئەمجارە زۆرترین زیانی بە کێڵگەکە گەیاندووە و بریارە تیمێکی سامانە سرووشتییەکان سەردانی کێڵگەکە بکەن.