ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یەکێتی کۆدەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی و جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2025، چیا هەرکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی دەستپێبکاتەوە؛ تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت."
بە گوتەی چیا هەرکی، لە پەراوێزی بابەتی پێکهێنانی حکومەت، ئەگەری هەیە باسی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بکرێت.
لە کۆبوونەوەکانی رابردوو هۆشیار زێباری سەرۆکایەتیی شاندی پارتی و قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتییان دەکرد. ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "کۆبوونەوەکە لە ئاستی لووتکە نابێت و لە نێوان شاندی دانوستاندنکاری پێشووی هەردوولا دەبێت."
دوایین کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی رۆژی 14ـی تەممووز بوو لە پیرمام بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی.
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەم پێکنەهێندراوە.
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا، توانیان لەسەر کارنامەی حکومەت بگەنە لێکتێگەیشتن، بەڵام کاتێک هاتنە سەر پۆستەکان، کۆبوونەوەکان ئاستەنگیان تێکەوت، بە تایبەتی دوای ئەوەی یەکێتی داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆی کرد، بەڵام بەرپرسانی پارتی بە راشکاوی بە یەکێتییان گوتووە، ئەو پۆستەیان پێ نادەن.
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی بەدەستهێنا و یەکێتیش 23 کورسی.