وەزیری پەروەردە: زیاتر لە 42 هەزار قوتابیی گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە 42 هەزار قوتابیی دابڕاویان گەڕاندووەتەوە ناوەندەکانی خوێندن، کە هەشت هەزاریان ئەم ساڵ بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا کە بە هاوئاهەنگیی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە هەولێر رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''یەکێک لەو خاڵانەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەت گرنگی پێداوە، گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بووە بۆ ناوەندەکانی خوێندن''.
بەگوتەی ئالان حەمەسەعید، بە هاوکاریی یونیسێف و رێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ''لە پێنج ساڵی رابردوودا توانیمان 33 هەزار و 271 منداڵی دابڕاو بگەڕێنینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.''
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، 2ـی تشرینی یەکەم، بۆ ئەم ساڵی خوێندن (2025-2026)، گشتاندنێک لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن نێردرا، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوبەشیی یونیسێف، لە چوارچێوەی نۆ خاڵدا کە هاوپێچی نووسراوەکە کرابوو، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی منداڵانی دابڕاو بە میکانیزمێکی جیاواز لە ساڵانی پێشوو رێکبخەین.''
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بە رۆڵی یونسێف کرد لە گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بۆ خوێندن و گوتی، ''رۆڵێکی کارای هەبوو لە پشتگیریکردن و دانانی ئەو میکانیزمە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە.''
وەک وەزیری پەروەردە دەڵێت، ''تەنیا بۆ ئەم ساڵی خوێندن، توانرا هەشت هەزار و 836 منداڵ بگەڕێنرێنەوە بۆ نێو ناوەندەکانی خوێندن. ئەوەش پەیامێکی گرنگی وەزارەتی پەروەردەیە کە دەیەوێت پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی گشتگیر بێت.''
ئالان حەمەسەعید کۆی ژمارەی ئەو قوتابییانەی خستەڕوو کە لە ماوەی شەش ساڵی کاری کابینەی نۆیەمدا گەڕاونەتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و گوتی، ''42 هەزار و 107 قوتابی گەڕێندراونەتەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە، بەڵام هێشتا ئامانجمان ماوە بەدی بێت و [پێویستە] لە ساڵانی داهاتوودا ئەم پڕۆسەیە فراوانتر بکەین.''
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە نزیکەی 6000 قوتابخانە دەخوێنن، کە 57%ی قوتابخانەکان لە هەولێر و دهۆک و 43%یان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.