وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: ئامادەین سووتەمەنی و تیمی چاککردنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، ئامادەن سووتەمەنیی و گازی شل و تیمی تەکنیکی بۆ چاککردنەوە رەوانە بکەن.
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
عەبدولساحیب بەزون حەسناوی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 27-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، وەزارەتی نەوت ئامادەیە لە هەموو روویەکەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات."
عەبدولساحیب بەزون حەسناوی گوتی: "ئامادەئن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەموکوڕییەی دروست بووە، سووتەمەنی و گازی شل بنێرین، هەروەها تیمی تەکنیکیش بۆ چاککردنەوەی کێڵگەکە رەوانە بکەین" و گوتیشی: "ئێمە یەک جەستەین، بۆیە ئامادەین بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەین."
لەلایەکی دیکەوە، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ئەمڕۆ لەکاتی بەسەرکردنەوەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا کە "گازی ماڵان گران نابێت."
کەمال محەممەد، رایگەیاند: "شەوی رابردوو نووسراومان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و ئەم بەیانییەش بە تەلەفۆن قسەمان کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات گازی ماڵانمان بۆ دابین بکەن."
وەزیر "سوپاس"ی هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد و گوتی: "پێموایە لەم رۆژانەدا، ئەمڕۆ یان سبەی، بەڵێنی خۆیان جێبەجێ بکەن و گازەکە بنێردرێت."
ئاماژەی بەوەش دا کە وەزیری کارەبای عێراق پەیوەندیی پێوە کردوون و ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەک بۆ کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.