شانەی راگەیاندنی ئەمنی: هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی وردبینیکردنی زانیارییەکانی سەر هێرشەکەی کۆرمۆرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (27-11-2025) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە".
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی وردبینیکردن و بەدواداچوونن بۆ ئەو زانیارییانەی لەبارەی هێرشەکەوە بەدەستیان گەیشتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-11-2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کاژێر 11:30ی شەوی رابردوو، کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی هێرشێکی ناڕەوا بووەوە، کە بووە هۆی سووتانی یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی ئەم کێڵگە گازییە گرنگە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە. ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان و کردەوەیەکی تیرۆریستی مەترسیدارە بۆ ئاستەنگ دروستکردن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری دەدرێن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم دەستدرێژییە کاریگەری و دەرەنجامی نەرێنی لەسەر سیستمی کارەبا دەبێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، هاوکات زیان بە سامانی وڵات و سەرچاوەکانی وزە دەگەیێنێت".
فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، کە تێوەگلاون لەم کردەوە ناڕەوا و ترسنۆکانەیەدا".
هێرشی سەر کێڵگەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ هەزار مێگاوات. بەوهۆیەوە پێدانی کارەبای 24 کاژێری بۆ 5 کاژێر کەمبووەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای رێکاری تووند بەرامبەر ئەوانە دەکات کە ئەو کارەیان کردووە. هەروەها داوای لە هاوبەشە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد سیستمی پاراستنی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکەن.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی ئێکس نووسیویەتی: "جارێکی دیکە، تیرۆریستە هەمیشەییەکان کە لەسەر لیستی مووچەی حکومەتی فیدراڵن، هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر."
بەهۆی هێرشەکەوە، وەکو عەزیز ئەحمەد نووسیویەتی، "هەناردەکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کە نزیکەی 10%ـی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای وڵات پێکدەهێنێت، بەتەواوی وەستاوە."