سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لە هێرشەکەی کۆرمۆر بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت، هێرشەکە زیانی بە وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق گەیاندووە. داوای لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و جیدیش دەکات بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی هێرشەکە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییە دەکەین کە کرایە سەر کێڵگەی گازی سرووشتیی کۆرمۆر لە سلێمانی و بووە هۆی زیان گەیاندن بە دابینکردنی وزە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی وڵات."
 
سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاندووە، "ئەم تاوانە قێزەونە هەوڵێکی بێئومێدانەیە بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیریی بەدەستهاتووی وڵات و لێدان لە ئابووریی نیشتمانی و دروستکردنی پشێوی."
 
داوای سەرۆکایەتیی کۆمار ئەوەیە کە "لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و جیدی لە هێرشەکە بکرێت بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی." 
 
هاوکات داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کردووە، یەکڕیزیی نیشتمانی بپارێزن و پێکەوە کاربکەن لپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و رێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی تووندوتیژی و پشێوی.
 
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکرا. 
 
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان. 
 
هەر ئەمڕۆ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکرای کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە، بۆ تاوتوێکردنی دەرهاویشتەکانی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا" بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق.