هۆشیار زێباری: سزادانی بکەرانی هێرشەکەی کۆرمۆر چانسی هەڵبژاردنەوەی سوودانی بەهێزتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری دەڵێت، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لە خوورماتووەوە بە مووشەکی گراد کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم حکومەتەکەی سوودانییە بۆ ئەوەی بکەرانی هێرشەکە سزا بدات، کە بە گوتەی ئەو، ئەوە 'هەلی خۆپاڵاوتنەوەی بۆ ویلایەتی دووەم بەهێزتر دەکات.'
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "هێرشی دوێنێی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سلێمانی بە مووشەکی گراد، کە لە میحوەری خوورماتووەوە ئاراستە کرابوون بە مەبەستی تێکدانی ئابووری و ژێرخانی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە ئەوە دەسەلمێنێتەوە کە حکومەت کۆنترۆڵی بەسەریاندا نییە."
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "ئێستا دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم حکومەتەکەی بەڕێز سوودانیدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و تاوانباران سزا بدات، ئەمەش هەلی خۆپاڵاوتنەوەی بۆ ویلایەتی دووەم بەهێزتر دەکات."
شەوی چوارشەممە 26ـی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نزیک کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترڵکراوە.
بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ ئەو وێستگانە راگیرا کە بە گاز کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکرای کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان "سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە، بۆ تاوتوێکردنی دەرهاویشتەکانی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا" بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی عێراق.