گووگڵ ماپس ناوچە "جێناکۆکەکان" بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین وەشانیدا، گووگڵ ماپس ناوچە "جێناکۆکەکان" وەک بەشێک لە نەخشەی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکات.
کاتێک لەسەر گووگڵ ماپس ناوی هەرێمی کوردستان دەنووسی، کەرکووک، خانەقین، پردێ، کفری، دووز خورماتوو، مەخموور، گوێڕ، بەعشیقە و بەحزان، خانکی و بەشێکی تلکێف و زۆربەی ئەو ناوچانەی دیکەی کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ناکۆکییان لەسەرە، لەنێو سنووری هەرێمی کوردستان نیشان دەدرێن.
بەڵام لە نەینەوا، شنگال و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری لە سنوورەکەدا نین.
ئەیلوولی ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار گووگڵ سنووری هەرێمی کوردستانی لەسەر نەخشە دیاری کرد، بەڵام ئەو کات هەموو ناوچە جێناکۆکەکان لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بوون.
دیار بەکر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کەلار، کە وەک کەسێکی خۆبەخش یارمەتیی پەرەپێدانی گووگڵ ماپس و ئەپی وەیز لە باشووری کوردستان دەدات، بە رووداوی راگەیاند، ئەم گۆڕانکارییەی گووگڵ ماپس بە دەستپێشخەری و پێشنیازی ئەو بووە.
ئەپی وەیز لە ئیسرائیل دامەزراوە و لە لایەن گووگڵەوە کڕدراوەتەوە. نەخشەی هەرێمی کوردستان لەسەری دیاری نەکراوە.
دیار بەکر کە بە گوتەی خۆی لە ساڵی 2017ـەوە بێبەرامبەر وەک خۆبەخشێکی خۆجێیی کار لەسەر چەسپاندنی ناسنامەی کوردیی شوێنەکان لەسەر گووگڵ ماپس دەکات، باسی لەوە کرد، ئەیلوولی ئەم ساڵ لە کۆڕبەندێکی هاوبەشی گووگڵ ماپس و وەیز لە پۆڵەندا بەشدار بووە. دەڵێت، لەوێ پێشنیازی کردووە کە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان بخرێنە نێو سنووری هەرێمی کوردستان.
دیار بەکر گوتی: "ئەوان بەڵێنی 100٪ یان پێنەدام کە پێشنیازەکە جێبەجێ دەکەن، بەڵام گوتیان نموونەی نەخشەکەمان بۆ بنێرە و بڕیاری لەسەر دەدەین."
دیار بەکر ئاماژەی بەوە کرد، کاری داهاتووی ئەوە دەبێت سنووری هەرێمی کوردستان لەسەر گووگڵ ماپس درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان بگرێتەوە.
بۆ پشتڕاستبوونەوە لە میکانزم، پاڵنەر و هەلومەرجی هەموارکردنی نەخشەکە، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە گووگڵەوە کرد، بەڵام وەڵامی دەستبەجێی نەبوو.
ئەگەرچی لە دەستووری عێراقدا هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەر لە چوارچێوەی وڵاتێکی فیدڕاڵ هەژمار کراوە، بەڵام سنوورەکانی دیاری نەکراون.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە دەکەونە پارێزگەکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین، وەک ناوچەی جێناکۆک ناودەبات، ئەگەرچی دەستنیشانی نەکردوون کە کامانەن.
بە گوێرەی مادەی 140ی دەستوور، پێویست بوو بە پڕۆسەیەکی سێ قۆناخی، کە پێکدێت، لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی، چارەنووسی ئەو ناوچانە یەکلابکرێتەوە کە لەژێر سەروەری و کۆنترۆڵی کارگێڕیی کام حکومەتدا دەبن.
بەڵام پڕۆسەکە تەواو نەکرا و ئەو وادەیەی کە بۆی دانرابوو، لە ساڵی 2007 تێپەڕی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای لە بەغدا کردووە مادەی 140 جێبەجێ بکات.
جێبەجێنەکردنی دەستوور چەندین کێشە و ناکۆکیی سیاسی و ئابووری لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لە کێشەی ئەمنی کە هەندێ جار خوێناوی بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا تۆمەتبار دەکات بەوەی بە پێدانی گرێبەستی نەوتی و گازی بە کۆمپانیاکان بێ بەشداریپێکردنی هەرێمی کوردستان، دەستووری پێشێل کردووە.