دوای هێرشەکەی کۆرمۆر؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای سیستمی بەرگری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و داوا لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاربن بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
هاوکات ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوای سزادانی ئەنجامدەرانیان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، هێرشەکە "ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی" کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێرشەکەی شەوی رابردوو بووە هۆی پەکخستنی تەواوی کێڵگە گازییەکە و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو." فەرمانگەکە داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "لێکۆڵینەوەیەکی جیددی" بکات و تاوانباران بە سزا بگەیێنێت.
هاوکات، فەرمانگەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان" و گوشار بخەنە سەر حکومەتی فیدراڵی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی "تاوانی لەو جۆرە".
پێشتریش عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق گرت و داوای کرد رێگە بە هەرێمی کوردستان بدرێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی ژێرخانە ستراتیجییەکانی بکڕێت.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، ئامادەیە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات بۆ چاککردنەوەی زیانەکان. عەزیز ئەحمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "قسەکردن ئاسانە. حکومەتی فیدراڵی لە کۆنەوە رێگر بووە لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی خاک و ژێرخانە گرنگەکانی."
ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، باشترین یارمەتیی بەغدا ئەوەیە مۆڵەت بدات بە کڕینی سیستمی بەرگری و نووسیویەتی: "ئێوە بەم شێوەیە دەتوانن یارمەتیی هەردوولامان بدەن: رەزامەندی لەسەر مۆڵەت بدەن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژەدرۆن بۆ کۆرمۆر و شوێنە ستراتیژییەکانی دیکە بکڕێت."
درەنگانی شەوی چوارشەممە، مووشەکێک کە نازانرێت سەرچاوەکەی چی و کوێیە، بەر تانکییەکی کۆگاکردنی گازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کەوت، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 80٪.
کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پێترۆلیۆمەوە بەڕێوەدەبرێت و لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار کراوەتە ئامانج.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق: "پێویستە حکومەتی عێراق ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدۆزێتەوە و سزایان بدات. با روون بێت: هیچ جێگەیەک بۆ گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە عێراقێکی خاوەن سەروەریدا نییە."
عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: "بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەین. هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق. داوا دەکەین لێپێچینەوە لە ئەنجامدەران بکرێت."
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەردەبڕین. ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین کە کراوەتە سەر ژێرخانی وزەی مەدەنی."
باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق: "بە تەواوی لەگەڵ راگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپا هاوڕاین."
پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا: "بە تووندترین شێوە ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەم. فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بۆ ئاسایشی عێراق، کە کوردستانیش دەگرێتەوە، دووپات دەکاتەوە."