ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری: دانیشتووانی ناوچە کێشەلەسەرەکان 3.4 ملیۆن کەسن

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 3.4 ملیۆن کەس وەک دانیشتووانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین هەژمار کراون، کە 7.51%ى تێکراى ژمارەى دانیشتووان پێکدێنن، دانیشتووانی سێ قەزا بەسەر سنووری کارگێڕیی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا دابەش بوون.
 
کۆی ئەو کەسانە لە 12 قەزای ئەو چوار پارێزگایەن، بە قەزای ناوەندی کەرکووکیشەوە کە لە هەندێک ناوچەدا فرەنەتەوەن، ژمارەیان سێ ملیۆن و 466 هەزار و 745 کەسە.
 
ئەو ئەنجامە بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 بووە کە رۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجامی کۆتایییەکەى لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە.
 
دیالە؛ 32.6%ی دانیشتووانەکەی لە ناوچەکێشە لەسەرەکانن
 
لە کۆی یەک ملیۆن و 934 هەزار و 504 دانیشتووی پارێزگای دیالە، 631 هەزار و 38 کەسیان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی ئەو پارێزگایەن، کە مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەیانگرێتەوە.
 
بەوپێیە 32.6%ـی دانیشتووانی تۆمارکراوی دیالە لە سەرژمێریی گشتی، لەو ناوچانەن.
 
قەزای خانەقین زۆرینەی دانیشتووانی بەرکەوتووە لەنێو ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە 260 هەزار و 907 کەسە و 13.49%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنن.
 
ساهیر عەلی، قایمقامی کفری بە رووداوی رایگەیاند: ئەو کەسانەی قەزای کفری کە لەسەر سنووری کارگێڕیی دیالە هەژمار کراون، ئەوانەن بەگوێرەی مادەی 140 گەڕاونەتەوە، بەتایبەت گوندنشینەکانی سەر بە ناحیەی جەبارە، کۆبۆنی خۆراکیان گواستووەتەوە بۆ سەر ئەو پارێزگایە.
 
ژمارە و رێژەی دانیشتووانی قەزاکان و بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی دیالە بەم شێوەیە:
 
خانەقین: 260907 کەس، 13.49%
کفری: 66437 کەس، 3.43%
شارەبان: 254346 کەس، 13.15%
مەندەلی: 49348 کەس، 2.55%
 
نەینەوا؛ پێنج قەزای کێشەلەسەر بە 22.8%ـی دانیشتووانەوە
 
لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە کۆی چوار ملیۆن و 261 هەزار و 980 هاووڵاتیی ئەو پارێزگایە، ژمارەی دانیشتووانی قەزا ناکۆکی لەسەرەکانی تلکێف، حەمدانیە، مەخموور، شێخان، شنگال، 975 هەزار و 163 کەسن، کە 22.8%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە دەکات.
 
زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی قەزاکان، لە تلکێف بووە کە 406 هەزار و 732 کەسن.
 
شێروان دووبەردانی، بەربژێری دەرچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت: "بەشێک لە قەزای شێخان کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە هەرێمی کوردستانن، لەسەر نەینەوا هەژمار نەکراوە".
 
ژمارە و رێژەی دانیشتووانی قەزا ناکۆکی لەسەرەکانی سنووری نەینەوا بەراورد بە تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە:
 
تلکێف: 406732 کەس، 9.54%
حەمدانیە: 249732 کەس، 5.86%
مەخموور: 212357 کەس، 4.98%
شنگال: 201002 کەس، 4.72%
شێخان: 69279 کەس، 2.76%
 
شێروان دووبەردانی گوتی: "ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ژمارەی دانیشتووانی قەزاکەیان هەژمار کراون".
 
سەلاحەدین: قەزایەکی ناکۆکی لەسەر بە 8%ى دانیشتووانەوە
 
بەگوێرەی ئاماری کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سەلاحەدین یەک ملیۆن و 774 هەزار و 542 کەسە
 
لەو ژمارەیە قەزای خورماتوو، کە تەنیا قەزای ناکۆکی لەسەری سنووری کارگێڕیی ئەو پارێزگایەیە، 147 هەزار و 216 کەسی پارێزگاکە پێکدەهێنێت، کە 8.30%ـی تەواوی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکەیە.
 
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی گوت: "لەو رێژەیە بە نزیکەیی 40%ـی دانیشتووانی قەزای خورماتوو کوردن، چەند خێزانێکی دیکەی کوردیش لە قەزای تکریت و بەلەد هەن."
 
کەرکووک؛ 84%ـی دانیشتووانەکەی لە ناوچە کێشە لەسەرەکانن
 
بەگوێرەی ئاماری کۆتایی ژمارەی دانیشتووان، دوو ملیۆن و 34 هەزار و 627 کەس لەسەر پارێزگای کەرکووک وەک دانیشتووان هەژمار کراون، کە بەسەر چوار قەزای ناوەند، داقووق، دوبز، حەویجە دابەش کراون.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "دوبز زۆرینەی کوردە و قەزای ناوەند و داقووق تێکەڵە لە پێکهاتەکان، بەڵام قەزای حەویجە چەند خێزانێکی کەمی کوردی تێدایە و زۆرینەى عەرەبن".
 
بەگوێرەی ئامارەکە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو سێ قەزایەی کە ناکۆکی لەسەرن، یەک ملیۆن و 713 هەزار و 328 کەسن، کە 84.2%ـی تێکڕای دانیشتووانی پارێزگاکەیە.
 
ژمارەی دانیشتووانی ئەو سێ قەزایە و رێژەیان بەراورد بە ژمارەی تێکڕای دانیشتووانی پارێزگاکە بەم شێوەیەیە:
 
قەزای ناوەند (کەرکووک): 1549454 کەس، 76.15%
داقوق: 85773 کەس، 4.22%
دوبز: 78101 کەس، 3.84%