لە تاکە گوندی مەسیحییەکان لە بارزان جەژنی کریسمس پیرۆزکرا
رووداو - گوندی بیدیال
لە یەکێک لە بەرزترین شوێنەکان لە باشووری کوردستان کە گوندی بیدیالی دەڤەری بارزانە، کریستیانەکانی ئەو گوندە جەژنی کریسمسیان پیرۆز کرد.
له گوندهكهدا یهكێك له كۆنترین كڵیسای ئاشوورییەکان لە باشووری كوردستانی لێیه، كه تائیستا بۆنه و یاده ئایینییهكانی تێدا بهڕێوهدهچێت و موسڵمانی گوندهكانی دراوسێشیان بهشداری رێوڕهسم و بۆنه و یادهكانیان دهكهن.
گورگیز یوحەنا، هاونیشتمانیێکی کریستیانی گوندی بێدیالە و دەڵێ "کەنیسەی مارگی وەرگیزە، ئەوەندەی گوێمان لە گەورەکانی خۆمان بووە؛ یەکێکە لە کۆنترین کەنیسەکانی کوردستان. ئێمە لێرە خوداپەرستیمان پێخۆشترە و نزاکانمان زیاتر گیرا دەبن".
بێدیال تاکە گوندی کریستیانە لە دەڤەری بارزان. تانها 20 کەس لەو گوندەدا دەژین و لە رۆژبوونی مەسیحدا موسڵمانانی ناوچەکە دەستە دەستە دێنە جەژنەپیرۆزەیان، لەو گوندەدا ئایین بۆ تاکە، مرۆڤایەتیش بۆ هەمووان.
کریستیانەکانی ئەو گوندە تەواو تێکەڵی کولتوور و فەرهەنگی ناوچەکە بوون، ئەگەر زمانی ئاخاوتن نەبێ، ئەوا ناتوانی بە جلوبەرگەکانیان ئایینیان لێکدی جیابکەیتەوە.
حەننە میخائیل، کریستیانێکی دیکەی گوندەکە دەڵێ "بۆ هەر شوێنیک دەچم، هیچ کەس نازانێ ئایینم مەسیحییە، چونکە سەردەمێکی دوور و درێژە ئێمە و موسڵمانانی کورد پێکەوە دەژین و فەرهەنگمان یەکە".
گوندەکە لە بەرزی هەزار و 265 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، دەکەوێتە سەرووی هەورەکان، ئەو گوندە نەک تەنها بۆ پەیڕەوانی ئایینی مەسیح، بەڵکو نیشتمانێکی ئازادیشە بۆ باڵندە و کێوییەکان.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار