وەزارەتى بەرگریى عێراق: چوار تیرۆریستى مەترسیدار لە سلێمانى دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق دەستگیرکردنى چوار کەسی لە پارێزگاى سلێمانى رایگەیاند کە بە "تیرۆریستى مەترسیدار" وەسفیکردوون و دەڵێت، بەشدار بوون لە هێرشی سەر سەربازگەى سپایکەر لە سەلاحەدین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هەواڵگرى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دژە تیرۆرى سلێمانی، لە ئۆپەراسیۆنێکیدا، تۆڕێکى چوار کەسییان لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە کە بەشدار بوون لە چەندین "هێرشی تیرۆریستى".
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو چوار کەسەى دەستگیرکراون، بەشدارییان لە هێرشی رێکخراوى داعش بۆ سەر سەربازگەى سپایکەر لە پارێزگاى سەڵاحەدین و گواستنەوەى ئۆتۆمبێلى مینڕێژکراو و کەسانى خۆکوژ بۆ بەغدا کردووە.
12ى حوزەیرانى 2014، چەکدارانى رێکخراوى داعش 1700 سەربازى فیرقەى 18ى سوپاى عێراقیان لە سەربازگەى سپایکەر لە شارى تکریتى پارێزگاى سەڵاحەدین بەدیل گرت، کە زۆرینەیان شیعە بوون و دواتر زۆربەیان گولـلەبارانکران.
وەزارەتى بەرگریی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو چوار کەسەى دەستگیرکراون پێشتر فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە بە گوێرەى مادەى 4ـی یاساى بنبڕکردنى تیرۆر، کە پەیوەندارە بە بەشداریى راستەخۆ لە هێرشی تیرۆریستى و شاردنەوەی و سزاکەى لە نێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لە سێدارەدانە.