سەڵاحەدین بەهائەدین بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەڵاحەدین بەهائەدین لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ئەمینداری گشتیی حیزبەکە هەڵبژێردرایەوە و سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، 728 دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی بەدەستهێناوە. 

رۆژی هەینی 27-12-2024، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ژێر درووشمی (بەرەو ئایندەیەکی گەشتر) بە ئامادەبوونی زیاتر لە 850 ئەندام نۆیەمین کۆنگرەی خۆی دەستپێکرد.
 
هۆشیار عەبدوڵڵا، گوتەبێژی کۆنگرەکەی یەکگرتوو کاژێر 8ی ئێوارە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند: "مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین تاکە بەربژێر بوو بۆ بوون بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو و زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا."
 
گوتەبێژی کۆنگرەکەی یەکگرتوو گوتیشی: "تاوەکو کاژێر 04:00ـی بەیانی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای بەدواداچوون بەردەوام دەبێت. 30 کەس دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی."
 
ئەندامێکی کۆنگرەکە لە هۆڵی کۆنگرەکەوە بە رووداوی راگەیاند، جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی تەواو بوون و بەم جۆرە بووە: "728 دەنگی بەڵێ بۆ سەڵاحەدین بەهائەدین، 25 دەنگی سپی و 111 دەنگیش نەخێر بوون."
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994 تاوەکو ئێستا هەشت کۆنگرەی بەستووە. ئەمڕۆ هەینی 27-12-2024 کۆنگرەی نۆیەم دەستیپێکرد کە دوو رۆژ دەخایەنێت.