هاونیشتمانییەک لە ورمێ بە رنووی بەفر گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێ، هاونیشتمانییەک لە گوندی ئاڵواتانی میرئاوا بە رنووی بەفر گیانی لەدەستداوە و 3 هاونیشتمانیی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ شەممە، 27-12-2025، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ بە میدیای فەرمیی ئێرانی گوت: "هەواڵێکمان سەبارەت بە ونبوونی چوار هاووڵاتی لە گوندی ئاڵواتانی میرئاوا پێگەیشت. دەستبەجێ تیمەکانمان رەوانەی شوێنەکە کرد".
حەمید مەحبووبی دەڵێ: "تیمەکانی مانگی سووری شارۆچکەی نەڵاس زوو خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە."
بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەشڵێ: "تاوەکو ئێستا هاووڵاتییەک بە رنوو گیانی لەدەستداوە و گەڕان بەدوای سێ کەسی دیکەش کە بێسەروشوێنن بەردەوامە."
مانگی سووری پارێزگای ورمێ هێشتا ناسنامەی ئەو چوار هاونیشتمانییەی رانەگەیاندووە.