ژمارەیەک زیندانی لە باکووری کوردستان ئازادکران

رووداو دیجیتاڵ 

بە پەسندکردنی 11یەمین پاکێجی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا، دەرگای گرتووخانەکان لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بۆ هەندێک لە زیندانییان کرایەوە و دەیان خێزان و هاونیشتمانی بۆ پێشوازیکردن لە کەسوکاریان چوونە بەردەم گرتووخانەکان. هاونیشتمانییەک لە بەردەم گرتووخانەی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 3 کەسی خزم و ناسراوی بەگوێرەی پاکێجەکە ئازاد دەکرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، 24ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا 11یەمین پاکێجی دادوەری کە ماوەیەک بوو ئاکپارتی کاری لەسەر دەکرد و رێگە بۆ ئازادکردنی نزیکەی 50 هەزار زیندانی خۆش دەکات، پەسندکرا.
 
بە پەسندکردنی پاکێجی دادوەری، لە رۆژی پێنجشەممەوە کاروباری ئازادکردنی زیندانییان لە سەرجەم گرتووخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێکردووە و رۆژانە ژمارەیەک زیندانی ئازاد دەکرێن و کەسوکارەکانیان بۆ پێشوازییان دەچنە بەردەم دەرگەی گرتووخانەکان.
 
خەڵکی ئامەد بۆ پێشوازی لە زیندانییەکان دەچنە بەردەم گرتووخانەکان
 
لە بەردەم دەرگای گرتووخانەکانی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە. ژمارەیەک خێزان و هاونیشتمانی بۆ پێشوازیکردن لە کەسوکارە زیندانییەکانیان دەچنە بەردەم گرتووخانەکان. 
 
ماشەڵڵا دەکاک، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە ئامەد، رۆژی هەینی، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، لە بەردەم گرتووخانەی ئامەد لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی قسەی کرد و بۆچوونیانی لەبارەی پاکێجی دادوەری وەرگرت.
 
هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، سێ کەسی لە گرتووخانە بوون و دووانیان بە لێبووردنەکە ئازاد کراون. ئەو هاونیشتمانییە گوتی، کەسەکەی دیکەشیان ئازاد دەکرێ.
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی عیسمەت رایگەیاند، برا و برازایەکی 4 ساڵە لە گرتووخانەدان و ئەویش بۆ پێشوازیکردن لە هەردووکیان چووەتە بەردەم دەرگای گرتووخانەکە. ئەو هاونیشتمانییە داوای کرد یاسایەکی فراوانتر دەربکرێ بۆ ئەوەی هەموو کەسێک لە گرتووخانە ئازاد بکرێ.
 
جەمال کیراز، هاونیشتمانییەکی دیکە بوو و بە رووداوی گوت، خزمێکی بەر لێبووردنەکە کەوتووە و زیاتر لە کاژێرێکە چاوەڕێی دەکات. 
 
هاونیشتمانییەکی دیکەش گوتی، برایەکی 4 ساڵە لە گرتووخانەیە و بۆ پێشوازیکردن لێی چووەتە بەردەم ئەو گرتووخانەیە.
 
زیندانییەکان 3 ساڵ پێش تەواوبوونی سزاکانیان ئازاد دەکرێن
 
بەگوێرەی پاکێجە دادوەرییەکە، ئەو کەسانەی پێش 31ـی تەممووزی 2023 تاوانیان کردووە، دەتوانن 3 ساڵ پێش کاتی سزاکەیان لە گرتووخانەی داخراوەوە بۆ گرتووخانەی کراوە بگوازرێنەوە یان لە گرتووخانەی کراوەوە بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد بکرێن.
 
زیندانییانی سیاسی و ئەو کەسانەی بە تاوانەکانی "تیرۆر"، تاوانەکانی هەبوونی رۆڵ لە کاولکاریی دوای بوومەلەرزە، کوشتنی مرۆڤ و کەسوکاری نزیکی خۆیان، تووندوتیژی دژی ژنان و دەستدرێژی دەستگیرکراون، لە دەرەوەی پاکێجەکە هێڵراونەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لە 403 گرتووخانەی تورکیا و باکووری کوردستان کە توانای لەخۆگرتنیان 305 هەزار کەسە، 433 هەزار و 543 زیندانی هەن، واتە نزیکەی 129 هەزار زیندانی زیاتر لە توانای ئێستای گرتووخانەکان راگیراون.