لە سلێمانی تەرمی کەسێک لە هۆتێلێکدا دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک لە هۆتێلێکی نزیک مزگەوتی گەورە بە کوژراوی دۆزراوەتەوە و لەلایەن ئاسایشەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گەنجەکە خەڵکی باکووری کوردستانە و شەوی رابردوو لەگەڵ هاوڕێیەکی بووە بە شەڕیان و ئەو هاوڕێیەی بە چەقۆ برینداری کردووە.
ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش گوتی، "ئەو هاووڵاتییەی باکووری کوردستان شەوی رابردوو دوای شەڕەکە گەڕاوەتەوە بۆ هۆتێلەکە و نەچووە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و بەهۆیەوە لەناو هۆتێلەکە شەو گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی ئاسایشی سلێمانی، "کارگوزارانی هۆتێلەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکاتی پاککردنەوەی ژوورەکان تەرمەکەیان بینیوە و هێزە ئەمنییەکانیان لێئاگادار کردووەتەوە."