بەهۆی رنووی بەفرەوە لە سنووری ورمێ 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکە رزگار کران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رنووی بەفر لە گوندێکی شاری میراوەی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش رزگار کران.
رۆژی شەممە، 27ی کانوونی یەکەمی 2025، لە کوێستانەکانی گوندی ئاڵیەمەران و لە شوێنێک بەناوی ئاوێلە لە سنووری شاری میراوەی سەر بە پارێزگای ورمێ هەرەسی بەفر روویدا و چوار هاونیشتمانی کەوتنە ژێر بەفرەوە.
یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی بە هانای ئەو کەسانەوە چووە، کە کەوتبوونە ژێر رنووی بەفر، لە شوێنی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئاگاداربوون لە رووداوەکە، تیمەکانی فریاکەوتن، ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە و هەروەها ژمارەیەک لە شاخەوانان لە شارەکانی پیرانشار، میراوە و سەردەشتەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و پرۆسەی گەڕان بەدوای کەسانی بێسەروشوێندا دەستپێکرد."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "دوو لەو هاونیشتمانییانەی بەر رنووی بەفر کەوتبوون، هەر لە ساتە سەرەتاکانی پرۆسەی گەڕاندا لە لایەن خەڵك و تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکران، دوو هاونیشتمانی دیکەش گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە."
دەشڵێت، "ئەو دوو هاونیشتمانییەی گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان ناوی خەسرەو حەمزەپوور و خەڵکی دۆڵە گەرمی سەردەشتە و ئەوەی دیکەیان ناوی کەماڵ خزری و خەڵکی پیرانشارە."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند: "هەواڵێکمان سەبارەت بە ونبوونی چوار هاووڵاتی لە گوندی ئاڵواتانی میرئاوا لە ئەنجامی رنووی بەفر پێگەیشت و دەستبەجێ تیمەکانمان رەوانەی شوێنەکە کرد. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن."