رۆژی دووشەممە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 29-12-2025، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی خۆی بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمان، کارنامەی دانیشتنەکە بڵاوکراوەتەوە و لە دوو تەوەر پێکدێت.
تەوەری یەکەم؛ بریتییە لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان. دواتر، لە تەوەری دووەمدا؛ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوونیان پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانە.
کێ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەبات؟
عامر حوسێن جاسم فایز، بەربژێری براوەی هاوپەیمانیی "تەسمیم" لە پارێزگای بەسرە کە تەمەنی 77 ساڵە، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە و سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات. ئەو ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بووە و 8565 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە ساڵی 2005ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دەبێت.
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێ رێکنەکەوتوون.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.