هواوی بە چیپە نوێیەکەی ململانێی چیپە ئەمریکییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
چین چیپێکی ئەلیکترۆنیی نوێ بەرهەمدەهێنێت و پەیامنێری رووداو دەڵێت، رکابەریی چیپە ئەمریکییەکان دەکات. دەشڵێت، چین نزیکەی 400 ملیار دۆلار بۆ ژیریی دەستکرد تەرخان دەکات.
بۆ یەکەم جار، کۆمپانیای هواوی چینی چیپێکی نوێی بە ناوی "Ascend 950" پەرەپێداوە کە رکابەری بەهێزترین چیپەکانی ئەمریکا دەکات.
مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە چین رایگەیاند، ئەم چیپە نوێیەی کۆمپانیای هواری لەڕووی خێرایی و تواناوە هاوتای چیپە پێشکەوتووەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیای ئەمریکییە، وەک چیپەکانی "H200" و "بلاوک وێڵ".
بە گوتەی مەهدی فەرەج، چیپە ئەلیکترۆنییە نوێیەکەی چین بە تەکنەلۆجیای "5 نانۆمەتر" دروستکراوە و نیشانەی ئەوەیە چین توانیویەتی بەربەستە تەکنەلۆجییەکان ببڕێت و بگاتە ئاستی وڵاتانی رۆژئاوا، بۆ ئەوەی چیدیکە تەنیا کڕیاری تەکنەلۆجیا نەبێت، بەڵکو ببێتە بەرهەمهێنەرێکی سەرەکیش لە جیهاندا.
قسەکانی مەهدی فەرەج ئەمڕۆ شەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
رۆژی یەکشەممە 8-12-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگە بە کۆمپانیای ئێنڤیدیا دەدەن چیپی "H200"ـی تایبەت بە ژیریی دەستکرد بفرۆشێتە چین.
بەپێی پەیامنێری رووداو، چین بە کۆمپانیا گەورەکانی وەک عەلی بابا، تێنسێنت و بێدووی راگەیاندووە، "ئەگەر یەک چیپی ئەمریکی بکڕن، دەبێت لە بەرامبەردا چیپێکی نێوخۆیی هواویش بکڕن."
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی بازاڕی نێوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە واشنتن. هاوکات ئامانج لێی پێشخستنی بەرهەمی نێوخۆییە لە کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمە بیانییەکاندا.
مەهدی فەرەج لە پەکینەوە گوتیشی، "چین بۆ ساڵی داهاتوو پلانێکی ستراتیژیی گەورەی داڕشتووە، بەجۆرێک بڕی زیاتر لە 360 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد و سێکتەری بەرهەمهێنانی رۆبۆت تەرخان کردووە."
لەو بڕە پارەیە، تەنیا 40 ملیار دۆلاری بە تەنیا بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان دیاریکراوە و پەکین دەیەوێت لەڕێگەی پڕچەککردنی پیشەسازییەکانی بە ژیریی دەستکرد، پێش وڵاتانی رۆژئاوا بکەوێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەرچەندە چین لەڕووی سۆفتوێر و دیزاینی چیپەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز و لە سێکتەری بەرهەمهێنانی رۆبۆتیشدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا لە پاشکۆی وڵاتانی وەک تایوان، کۆریای باشوور، ژاپۆن و هۆڵەندایە بۆ دەستکەوتنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی دروستکردنی چیپ.
مەهدی فەرەج گوتیشی، چیپە رۆژئاواییەکان هێشتا لەڕووی کوالێتی و خێرایی گرافیک یان "GPU" لە پێشترن، بەڵام چین لەڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆگرامی نێوخۆیی وەک "دیپسیک"، هەوڵ دەدات ئەو جیاوازییە نەهێڵێت و لایەنە لاوازەکانی پڕ بکاتەوە.
بەپێی چەند راپۆرتێکی میدیای چین، هواوی دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور بۆ ئەوەی چیپی نوێی "Ascend 920"ـیان بۆ دابین بکات.
پلانی خستنەبازاڕی چیپەکە لە کۆریای باشوور، ئاماژەیەکی روونە بۆ ویستی هواوی بۆ ئەوەی ببێتە لایەنێکی سەرەکی و کاریگەر لە سیستەمی ژێرخانی ژیریی دەستکردی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی کە ئێستا تێیدا ژیریی دەستکرد بە خێراییەکی بێوێنە گەشە دەکات.