دژوار فایەق: بەشێکی زەویی جووتیاران بە بیانووی سوودی گشتییەوە داگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 لە عێراق بە رووداوی گوت: بەپێی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، بەشێکی جووتیاران زەوییەکانیان بۆ ناگەڕێتەوە و بەشێکی زەوییەکانیش بە بیانووی سوودی گشتییەوە داگیرکراون.
 
دژوار فایەق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە کە پەیوەستە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان، لە جێبەجێکردندا رووبەڕووی کۆسپ دەبێتەوە و لە پەرلەمانیشدا بە زۆرینەی دیکتاتۆری بڕیارێکی خراپیان تێدا جێگیرکردووە."
 
دەقی یاساکە و بڕیارە خراپەکان
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی مادەی 140 روونیکردەوە: "ئەو جووتیارانەی قەرەبوویان وەرگرتووە، ئەوانەی کێشەی خاوەندارێتییان چارەسەر کراوە، ئەو زەوییانەی دراونەتە وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراق، یان ئەوانەی بۆ سوودی گشتی تەرخان کراون، ناگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن."
 
روونیشیکردەوە "بەشێکی زۆری ئەو زەوییانە تاوەکو ئێستا بەتاڵن و هیچ پڕۆژەیەکیان لەسەر نەکراوە، کەچی بە بیانووی سوودی گشتییەوە داگیرکراون."
 
گۆڕینی دیمۆگرافیا
 
لەبارەی داگیرکاری زەوییەکانەوە گوتی: "30 بۆ 40 ساڵە زەویی کورد و تورکمان داگیرکراوە و دراوە بە عەرەبی هاوردە. ئێستاش بەپێی یاساکە، ئەو عەرەبە هاوردانە قەرەبووی خانووبەرە و کەلوپەلەکانیان دەکرێتەوە، بەڵام جووتیارە کوردە رەسەنەکان قەرەبووی ئەو هەموو ساڵە ناکرێنەوە کە زەوییەکانیان لێ داگیرکراوە."
 
دژوار فایەق هۆشداریدا لە خاڵێکی دیکەی مەترسیدار: "یاساکە دەڵێت ئەو عەرەبە هاوردانەی پێشتر دانیشتووی کەرکووک بوون، کاتێک زەوییەکەیان لێ دەسەنرێتەوە، لە ناو کەرکووک زەوییەکی دیکەیان پێدەدرێت، ئەمەش بەردەوامیدانە بە گۆڕینی دیمۆگرافیا. ئێمە داوامان کردووە ئەو عەرەبانە بگەڕێنەوە شوێنە رەسەنەکانی خۆیان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
جێبەجێنەکردنی یاساکە و کێشەی نوێ
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاساکە، نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "حکومەتی عێراق دوو لیژنەی پێکهێناوە بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ دواخستنی بوو تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی زەوییەکان نەگەڕێنەوە بۆ کورد و زیان بە دەنگی لیستە عەرەبییەکان نەگات."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دۆخی کەرکووک کەوتووەتە دەست هێزە عێراقییەکان و عەرەبە هاوردەکان "بە پاڵپشتی ئەو هێزانە دەگەڕێنەوە سەر زەوییەکان و کێشە بۆ جووتیارە کوردەکان دروست دەکەن."
 
دابەشبوونی کورد و لاوازی پێگەی لە بەغدا
 
دژوار فایەق رەخنەی لە دابەشبوونی نێوماڵی کورد گرت: "پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا و رێککەوتنی هۆتێل رەشید وایکردووە کورد پێگەی لاواز بێت و نەتوانێت بەباشی بەرگری لە مافەکانی بکات. لە کەرکووک، لە پێناوی پۆستی پارێزگار، نزیکەی 78٪ی پۆستە ئیدارییەکانمان لەدەستداوە."
 
چارەسەر و داواکارییەکان
 
دژوار فایەق داوای کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە جیدی کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاساکە بکەن، هەروەها داوای کرد سەرۆککۆمار دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ سەر کەرکووک.
 
گوتیشی: "دەبێت قەرەبووی ئەو 400 هەزار خێزانە بکرێتەوە کە تاوەکو ئێستا قەرەبوویان وەرنەگرتووە، نەک 25 ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەن. پێویستە کورد یەک دەنگ بێت لە بەغدا بۆ ئەوەی بتوانێت مافە زەوتکراوەکانی بەدەست بهێنێتەوە."