"شارێک لە داهاتوو"؛ قوتابخانەیەکی هەولێر دەبێتە یەکەم "قوتابخانەی سەوز" لە عێراق
رووداو - هەولێر
قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر وەک یەکەم قوتابخانە لە عێراق بڕیاریداوە ببێتە بەشێک لە تۆڕی جیهانیی قوتابخانە سەوزەکان. قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە بە دروستکردنی پڕۆژەی ژینگەدۆست، وەک "شارێک لە داهاتوو" و بەکارهێنانی سیستمی ریسایکلین، هەنگاو بەرەو ئەو ئامانجە دەنێن.
سێ قوتابیی تەمەن 10 ساڵان، لە وانەی زانستدا پڕۆژەیەکیان بەناوی "شارێک لە داهاتوو" دروستکردووە. مستەفا حەمەدەمین، یەکێک لەو قوتابییانەیە و دەڵێت: "شارێکمان دروستکردووە بۆ دواڕۆژ کە لە کارتۆنی ریسایکلین پێکهاتووە. ئۆتۆمبێلی کارەباییمان داناوە کە هیچ پێویستی بە گاز و بەنزین نییە، ئەوەش بۆ پاراستنی ژینگەیە."
جگە لەمە، پۆلێکی دیکەی قوتابخانەکە گەشتێکی زانستییان بۆ پڕۆژەی خانووی پلاستیکی ئەنجامداوە، کە تێیدا تەماتە، خاس و چەندین جۆر سەوزە و گوڵ بە سیستمی "هایدرۆپۆنیک" (بێ خاک) بەرهەم دەهێنرێن.
محەممەد ئیبراهیم، قوتابییەکی دیکەیە و باسی ئەزموونی خۆی دەکات: "فێربووین گرنگی بە ژینگە بدەین؛ ئێمە تەنەکەیەکی زبڵمان لە قوتابخانە هەیە تایبەت بە کاخەز. کاخەز و دار دەخەینە ناوی تاوەکو ریسایکل بکرێن و دووبارە بەکاربهێنرێنەوە."
قوتابخانەی ئەڵمانی لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە وەک یەکەم قوتابخانە لە سەرتاسەری عێراق هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ بوون بە ئەندام لە تۆڕی "ئیکۆ سکوڵس" (Eco-Schools)، کە تۆڕێکی جیهانییە و زیاتر لە 52 هەزار قوتابخانەی تێدا تۆمارکراوە.
شلێر ئەمین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی قوتابخانەی سەوز ئاماژە بە رێکارەکان دەکات و دەڵێت: "یەکەم پڕۆژە کە دەستمانپێکرد، بەکارهێنانی دەبەی پلاستیکمان لەنێو قوتابخانە بە یەکجاری نەهێشت. هەنگاوی دووەمیش جیاکردنەوەی زبڵە؛ کارتۆن و کاخەز بەجیا و زبڵەکانی دیکە بەجیا."
کارین بیسبۆرت، بەڕێوەبەری گشتیی قوتابخانەی ئەڵمانی جەخت لە گرنگیی پەروەردە دەکاتەوە و دەڵێت: "پەروەردە و فێرکردنی بەردەوام بناخەی هەموو شتێکە. ئێمە یەک هەسارە و یەک کوردستان و یەک هەولێرمان هەیە؛ ئەگەر بمانەوێت بۆ زیاتر لە 20 ساڵی داهاتوو تێیدا بژین، دەبێت ژینگەکەی بپارێزین."
قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر ساڵی 2010 دامەزراوە و لەژێر سەرپەرشتیی حکومەتی ئەڵمانیادایە. ئێستا 220 قوتابی لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12 لەم قوتابخانەیە دەخوێنن.