دووکاندارێکی کەمپی باجدکەندال لە زاخۆ: لە ئاگرەکەدا زیاتر لە 400 ملیۆن دینار زیانم کردووە


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی باجدکەندال لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاگر لە بازاڕی کەمپەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە 33 دووکان سووتان. بەشێک لە ئاوارەکان کە 11 ساڵە هەوڵی پەیداکردنی بژێویی ژیانیان دەدەن، هەموو شتێکیان لەدەستچوو.
 
کەمپی باجدکەندال زیاتر لە 10 هەزار ئاوارەی کوردی ئێزدیی تێدایە و بژێویی زیاتر لە 200 کەسیان لەسەر ئەو بازاڕە بوو کە سووتا. کاژێر 05:00ـی بەرەبەیان ئاگر هەموو شتێکی کردە خۆڵەمێش.
 
ئەحمەد حەسۆ، کە زیانلێکەوتووترین کەسی بازاڕەکەیە، چوار دووکان و چوار کۆگەی بەتەواوی سووتاون. ئەو دەڵێت: "زەرەرمەندترین کەس لێرە منم، زیاتر لە 400 ملیۆن دینار کەلوپەلم تێدا بوو. جگە لەوەش 150 ملیۆن دینار قەرزداری خەڵکم لە زاخۆ، دهۆک، هەولێر و موسڵ. ماڵی ئەوانیش چوو و پارەی خۆیان لە من دەوێت؛ داوا دەکەم چارەسەرێکم بۆ بکەن بەڵکو بتوانم پارەی خەڵک بدەمەوە."
 
خەولا خدر، خاوەنی خوارنگەیەکە و لەگەڵ خوشک و براکانیدا کاری تێدا دەکرد. ئەو بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "11 ساڵە ئەم خوارنگەیەمان هەیە، فەلافل، گەس، شاورمە و مریشکمان دەفرۆشت. چادرەکەم سووتاوە و تاوەکو ئێستا هیچ شتێکیان نەداومەتێ، بەخوا پێڵاوەکانیشم لە ئاوەکەدا ماون. دڵمان دێشێت کە دەبینین بەرچاومان ماڵمان دەسووتێت و بە زۆر گیانی خۆمان رزگار دەکەین."
 
فەلاح شنگالی، یەکێکی دیکەیە لە زیانلێکەوتووەکان و دووکانی پێڵاوی هەبووە. ئەو دەڵێت: "نزیکەی 15 ملیۆن دینار لەنێو ئەم دوو دووکانەدا هەبوو، بژێویمان لەسەری بوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا وەک دەبینن جگە لە زەوییەکە هیچ شتێکی دیکە نەماوە."
 
قاسم عەونی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی خێرای قەیرانەکان لە زاخۆ سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد بۆ خەمڵاندنی زیانەکان.
 
قاسم عەونی بە رووداوی راگەیاند: "لە لایەن بەرگریی شارستانیی زاخۆوە ئاگادارکراینەوە کە بەهۆی شۆتی کارەباوە ئاگر کەوتووەتەوە. راپۆرتەکە لە رێگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە بۆ ناوەندی هاوبەشیی قەیرانەکان لە هەولێر بەرز دەکەینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکەین بۆ قەرەبوکردنەوە، چونکە ئەوان سندووقی قەرەبوکردنەوەیان هەیە."
 
ئەمە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە کەمپی باجدکەندال لەمساڵدا؛ پێشتر لە 26ی ئەیلوول ئاگر لە کەمپەکە کەوتەوە و بووە هۆی سووتانی پێنج چادری ئاوارەکان و برینداربوونی کەسێک