بوومەلەرزەیەک لە کرماشان روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر پارێزگای کرماشانی هەژاند. چەقی بوومەلەرزەکە سنووری نێوان شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگاکە بوو.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27-12-2025، کاژێر 06:33 بە کاتی تاران (06:03 بەکاتی هەولێر)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر لە رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و چەقەکەی سنووری نێوان شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو بووە.
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گیەڵان هەستی پێکراوە. بەپێی زانیارییەکان، فەرمانگەکانی حکومەت لە شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو لە دۆخی ئامادەییدان.
عەلیڕەزا حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، چەندین تیمیان بۆ ناوچەکە ناردووە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێک تۆمارنەکراوە.
عەلیڕەزا حەیدەری دەڵێ، تیمەکانی فریاکەوتن و مانگی سوور لە ئامادەییدان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا یارمەتیی خەڵکی بدەن.
ناوچەی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان کەوتووەتە سەر هێلی بوومەلەرزە.
12ی تشرینی 2017، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا کە شارۆچکەی ئەزگەلەی سەر بەسەرپێڵی زەهاو ناوەندی بوو. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، 620 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 هەزار کەسیش برینداربوون، بە هەزاران خانوو و باڵەخانە لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، شائاباد و سەلاسی باوەجانی رووخان.
لە 24ی تشرینی 2018یش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر شاری سەرپێڵی زەهاوی هەژاند و بەهۆیەوە 776 کەس بریندار بوون.