ئاگر لە بازاڕی کەمپێکی کوردانی ئێزدی لە زاخۆ کەوتەوە و نزیکەی 35 دووکان سووتان

رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی کەمپێکی کوردانی ئێزدی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک کەوتەوە. بەرگریی شارستانی دەڵێ، نزیکەی 35 دووکان سووتان.
 
موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە نزیک کاژێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی باجد کەنداڵ کەوتەوە، بەهۆیەوە 30 بۆ 35 دووکانی کەمپەکە سووتان".
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی زاخۆ گوتی: "ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی زۆرە".
 
موقەدەم جەمال ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی خێرایی باوە مەترسی هەبووە ئاگر بگاتە کەمپەکە و زیانی گیانی لێبکەوێتەوە، بەڵام تیمەکانیان توانیان رێگری لە تەشەنەسەندنی بکەن و بە کەمتر لە دوو کاژێر کۆنترۆڵیان کرد.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە، بەرێوەبەری بەرگریی شارستانی گوتی: "شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکە بوو".
 
موقەدەم جەمال لەبارەی زیانەکانەوە گوتی، دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە، خەمڵاندن بۆ زیانە مادییەکان دەکەن.
 
کەمپی باجد کەنداڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کوردانی ئێزدی تێدا نیشتەجێن، کە خەڵکی شنگال و دەوروبەرین.