نووسەر و رۆژنامەڤان جەمال رەشید کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
جەمال رەشید، نووسەر و رۆژنامەڤان لە تەمەنی 78 ساڵی لە سوێد کۆچی دوایی کرد. برایەکی دەڵێ، دکتۆر جەمال 50 ساڵ بوو لە دەرەوە دەژیا، ئامادەنەبوو بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، چونکە نەیدەویست "ببێتە بەشێک لەو سیستمە حوکمڕانییەی لەو سنوورە هەیە".
جەمال رەشید لەدایکبووی ساڵی 1948ـە. هونەرمەند خالید رەشید، برای دکتۆر جەمال بە رووداوی گوت: "هۆکاری گیانلەدەستدانی دکتۆر جەمالی برام بەهۆی تووشبوونی بوو بە خوێنبەربوونی گەدە."
خالید رەشید دەڵێت: "دکتۆر جەمال یەکەم نووسەری کورد بوو کە بۆ یەکەمجار پەرتووکێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر کورد و مێژووی کوردستان نووسی لە ئەورووپا، هەروەها یەکەم نووسەر بوو کە پەرتووکی لەسەر مێژووی سەلاحەدینی ئەیووبی بە کوردی نووسی."
د. جەمال رەشید ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد بوو لە بەغدا، لە رۆژنامەکانی نوور، برایەتی و هاوکاری دەینووسی.
ئەو نووسەرە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بە (ئامادەنەبوو) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
پرسەی د. جەمال ئەمڕۆ شەممە لە مزگەوتی حاجی مەلا رەسوولی دێلێژەیی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.