میر تەحسین بەگ ماوەی 75 ساڵ میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان بوو
رووداو - هەولێر
رۆژی دووشەممە 28-1-2019 میر تەحسین بەگ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
میر تەحسین سەعید عەلی بەگ لە رۆژی 15ی ئابی ساڵی 1933 لە ناوچەی باعەدرێ سەر بە قەزای شێخان لەدایکبووە. لە هاوینی ساڵی 1944، کاتێك کە میر تەحسین بەگ تەمەنی نزیکەی 11 ساڵ بوو، بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە، لەلایەن دایەگەورەیەوە بۆ پۆستی میری کوردانی ئێزدی بەربژێرکرا، لەو کاتەشەوە بۆ ماوەی 75 ساڵ بووە میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان.
لە ساڵانی مێردمنداڵی میر تەحسین بەگدا، مەیان خاتوونی دایکی سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد تاوەکو تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ.
لە تەمەنی 18 ساڵییەوە، میر تەحسین دەستی کرد جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەک میری هەموو کوردە ئێزدییەکان، لە سەرۆکایەتیکردنی کاروباری دونیایی کوردانی ئێزدییەوە تاوەکو نوێنەرایەتیکردنیان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتان و پێکهاتەکانی دیکەدا.
بەگوێرەی بنەماکانی بیروباوەڕی ئێزدی، میری کوردانی ئێزدی هەردوو دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی لەدەستە. لەڕووی ئاینیەوە، میری کوردانی ئێزدی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان دەکات.
هەروەها میری کوردانی ئێزدی:
- بەرپرسی سەرەکی پەرستگەی لالشە کە پیرۆزترین شوێنە لای کوردانی ئێزدییە.
- بەرپرسی سەرەکی رێوڕەسمی تاووسە، کە گرنگترین رێوڕەسمی کوردانی ئێزدییە.
- بەرپرسە لە ئەنجامدان و رێکخستنی مەراسیمە ئایینییەکان.
- بەرپرسە لە سەرجەم ئەو کار و خێرانەی کە خەڵک ساڵانە پێشکەشیان دەکات.
دەسەڵاتە دونیاییەکانی میری کوردانی ئێزدی:
- بەرپرسی سەرۆک هۆزەکانی کوردانی ئێزدی و دەستنیشانکردنیان.
- نوێنەرایەتیکردنی کوردانی ئێزدی لە ناوەوە و دەرەوە.
- بەرپرس لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هۆزەکانی کوردانی ئێزدی و کێشەکانی نێوان ئەو هۆزانە لەگەڵ هۆزەکانی دیکەی ناوچەکەیان.
نزیکەی 10 سەدەیە، ژیان و گوزەرانی کوردانی ئێزدی لەلایەن میرەکەیانەوە رێکدەخرێت. بەگوێرەی بیروباوەڕی ئێزدییەکان، لەکاتی کۆچی دوایی میرەکەیاندا یەکێک یان زیاتر لە ئەندامانی نێو خانەوادەی میر (کە بە ماڵی ئیمارەت ناسراوە)، خۆی بەربژێر دەکات بۆ وەرگرتنی پێگەی میری کوردانی ئێزدی و لەلایەن سەرۆک هۆزەکان، ریش سپییەکان، کەسە دیارەکانیان، پەسنددەکرێت و ئەو پێگەیە وەردەگرێت.
میر تەحسینی بەگ لە سەرەتای ساڵی 1970دا بەشداری لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کردووە. دوای نسکۆی 1975یش ئاوارەی ئێران بووە، پاشان بەرەو وڵاتی بەریتانیا رۆیشت و لەساڵی 197ـەوە تاوەکو ساڵی 1981 لەو وڵاتە مایەوە.
لەدوای ساڵی 1981، میری تەحسین لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لێبووردنی بۆ دەرکرا و گەڕایەوە عێراق.