راگەیێندراوی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی: رێککەوتین لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکە بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا" کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 28-01-2023، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە سلێمانی. کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاژێری خایاند.
 
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوون لە؛ مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، د. هێمن هەورامی، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. ئومێد سەباح و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی.
 
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکهاتبوون لە؛ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، د. دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و د. میران محەممەد و ئەحمەد عەسکەری.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینیی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت."
 
ده‌قی راگه‌یێندراوه‌كه‌:
 
بەمەبەستی گفتوگۆکردنی راشکاوانە لەسەر کۆی ئە بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون و هەڵوێستەکان لەسەر چەندین بابەتی هەنووکەیی، شاندی باڵای هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی ئەمڕۆ 28-01-2023 کۆبوونەوە.
 
بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بەڕێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو.
 
لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لەدەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
پارتی دیموکراتی کوردستان

 

28-01-2023